رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی وێبی پیرۆزبایی لە رووداو دەکات و بە "شانازییەکی گەورە" ناوی دەبات.
لە پەیامێکدا، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری میدیا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بردنەوەی ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییە کە پێوەری باشترین چیڕۆک و گێڕانەوەی بەرهەمی دیجیتاڵییە، بەتایبەتی لە پێشبڕکێ لەگەڵ بەرهەمی کەناڵە نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکانی وەک (CNN) و (BLOOMBERG) شانازییەکی گەورەیە بۆ (رووداو) و دەستکەوتێکی دیکەی گرنگیشە بۆ میدیای کوردی."
لە بەشێكی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات: "بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی جیهانیی (وێبی) بۆ فیلمە بەڵگەنامەییەکەی (کۆرۆوای)، پیرۆزباییەکی گەرم لە بەڕێوەبەری گشتی و تەواوی کارمەندانی دەزگاکەتان بە گشتی و ستافی بەرهەمهێنەری فیلمە بەڵگەنامەییەکە بەتایبەتی، دەکەین."
ئەم ساڵ بەڵگەفیلمی کۆرۆوای-ی تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو زیاتر لە 13 هەزار بەشداربوو بووە براوەی خەڵاتی وێبی.
بەڵگەفیلمەکەی تۆڕی میدیایی رووداو سەر بە بەشی گەشت و شێوەی ژیانە( Travel and Lifestyle). لەنێو هەزاران بەڵگەفیلمێکی ئەمریکی، نیوزیلاندی و جۆرجیایی بووە براوەی خەڵاتەکە.
بەڵگەفیلمی کۆرۆوای لە دارستانەکانی پاپوای رۆژئاوا لە ئیندۆنیزیا تۆمارکراوە و لەسەر خێڵێکی نێو دارستانەکەیە کە تاوەکو ساڵی حەفتاکانی سەدە رابردوو، نە کەس دەیزانی ئەو خێڵە هەن و نە ئەندامانی خێڵەکەش دەیانزانی جیهانێک لە دەرەوەی دارستانەکەیاندا هەیە.
خەڵاتی وێبی ساڵی 1996 دامەزراوە و ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای نێودەوڵەتی هونەر و زانستە دیجیتاڵییەکان (IADAS) پێشکەش دەکرێت، ئەمساڵ یادی 28 ساڵەی خەڵاتەکەیە.
خەڵاتەکان تایبەتن بە داهێنان و لێهاتوویی تەکنیکی لەسەر پلاتفۆڕمە جیاوازەکان لە تۆڕی ئینتەرنێتدا؛ بەشێوەیەک بە ئۆسکاری ئینتەرنێت ناوی دەهێندرێت.
دوو پرۆسە بۆ دابەشکردنی خەڵاتەکان هەیە، سەرەتا بەربژێرەکان لەلایەن IADAS هەڵدەبژێردرێن و دواتر براوەکان لەڕێگەی ژمارەیەک دادوەری جیهانییەوە دیاری دەکرێن. هەروەها بەشێکی دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکە لە رێگەی دەنگدانی خەڵکەوە دیاری دەکرێت.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو:
بەڕێز/ تۆڕی میدیایی ڕووداو
بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی جیهانیی (وێبی) بۆ فیلمە بەڵگەنامەییەکەی (کۆرۆوای)، پیرۆزباییەکی گەرم لە بەڕێوەبەری گشتی و تەواوی کارمەندانی دەزگاکەتان بە گشتی و ستافی بەرهەمهێنەری فیلمە بەڵگەنامەییەکە بەتایبەتی، دەکەین.
بردنەوەی ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییە کە پێوەری باشترین چیڕۆک و گێڕانەوەی بەرهەمی دیجیتاڵییە، بەتایبەتی لە پێشبڕکێ لەگەڵ بەرهەمی کەناڵە نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکانی وەک (CNN) و (BLOOMBERG) شانازییەکی گەورەیە بۆ (رووداو) و دەستکەوتێکی دیکەی گرنگیشە بۆ میدیای کوردی.
دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەین و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین..
بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری میدیا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ