رووداو دیجیتاڵ
بەستنی کۆنگرە و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، پرۆسەی چارەسەریی بردە قۆناخێکی نوێوە. پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێت، پەکەکە پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بووە و دەبێت حکومەتی تورکیاش هەنگاو بۆ بەرەپێشبردنی پرۆسەی چارەسەری بنێت، لەوانەش ئازادکردنی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی پەکەکەبوون گیراون.
شەوی دووشەممە، 12ی ئایاری 2025 لە دیبەیتێکی تۆڕی میدیایی رووداودا کە لەلایەن رەنج سەنگاوی و دلبخوین دارا پێشکێش کرا، بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لەلایەن پارتەکەوە، بە بەشداریی چەند میوانێک تاوتوێکران.
جەنگیز چاندار: بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی یەپەگە ناگرێتەوە
پەکەکە رۆژی دووشەممە، 12ی ئەم مانگە ئەنجامی کۆنگرەکەی رۆژانی 5-7ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ''بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دراوە''.
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئامەد، لە وەڵامی پرسیاری ''ئایا بابەتی چەکدانان یەپەگەش دەگرێتەوە؟'' دەڵێت، ''لە بانگەوازەکەی 27ی شوباتدا ناوی یەپەگە نەهاتووە، لە هیچ پەیامێکی ئەودا نەهاتووە بڵێت یەپەگە کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. بانگەوازەکە تەنیا بۆ پەکەکەیە''.
چاندار پێیوایە، پەکەکە پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بووە و دەبێت حکومەتی تورکیاش هەنگاو بۆ بەرەپێشبردنی پرۆسەی چارەسەری بنێت؛ یەکێک لە هەنگاوەکانیش ''ئازادکردنی هەموو ئەو زیندانییانەیە کە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە لە گرتووخانەن''.
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی جەختیشیکردەوە، ئەگەر حکومەتی تورکیا دەیەوێت پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە ئەنجام بگات و دیموکراسی لە تورکیا بەرقەرار بکات، دەبێت ''دەستبەجێ سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات''.
ئۆیتون ئۆرهان: دەکرێت لەنێو پەکەکە دەنگی ناڕازی هەبن
پەکەکە بە بڕیارەکەی لە رۆژی 12-5-2025 بە چەکدانان و خۆ هەڵوەشاندنەوەی دەبێتە 7مین گرووپ لە سەرانسەری جیهان بچێتە قۆناخی چەکدانان و کۆتایی هێنان بە شەڕی چەکداری لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، هەنگاوەکانی دواتر لەو پرۆسەیە دەکەوێتە دەستی حکومەتی تورکیا بۆ گفتوگۆی سیاسی لەنێوخۆی وڵاتەکە، چونکە پەکەکە داواکاریی سەرەکیی رێبەرە زیندانیکراوەکەی جێبەجێکرد کە خاڵی سەرەکی ئەو گفتوگۆیانە بوو لەماوەی 7 مانگی رابردوو کران.
ئۆیتون ئۆرهان، لێکۆڵینڤان لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (ئۆرسام) کە میوانێکی دیکەی دیبەیتەکە بوو، لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە گوتی، ''ئەگەر رێکخراوەکەش چەک دابنێت، دەکرێت هەندێک لایەن و دەنگی ناڕازی لە نێو رێکخراوەکە هەبن و بیانەوێت جیاببنەوە و لە ژێر ناو و پێکهاتەی دیکە درێژە بە خەباتی چەکداری بدەن''.
بە بۆچوونی ئەو لێکۆڵینڤانە، ''دەکرێت هەندێک لە وڵاتان لەسەر ئاستی ناوچەکە، نەیانەوێت رێکخراوەکە بەتەواوی لەنێوبچێت و هەوڵ بدەن پەکەکە لە دژی تورکیا بەکاربهێنن. بەمەش بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست دەکرێت''.
لەبارەی چۆنیەتی چەکدانان و داهاتووی ئەندامانی پەکەکە، ئۆرهان پێیوایە، دەبێت هەرێمی کوردستان و عێراق هەماهەنگی دروست بکەن؛ دەشڵێت، ''حکومەتی تورکیا بۆ ئەمە پلانی هەیە''.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، لە رێوڕەسمێکدا لە باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بە پەکەکە دەڵێن، چەکەکانیان لەکوێ دابنێن.
ئۆرهان گوتی، ''ئەو ئەندامانەی دەستیان بە خوێن بووە و تاوانیان کردووە، هەلی گەڕانەوەیان بۆ تورکیا نییە، دەکرێت بنێردرێنە وڵاتانی سێیەم. بەڵام ئەوانەی تاوانیان نەکردووە، دەتوانرێت هەلی ئەوەیان پێ بدرێت بێنەوە نێو ژیانی کۆمەڵایەتی''.
ئۆرهان سەبارەت بە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە دەڵێت: ''تورکیا لەگەڵ ئەوەدایە، ئەو بڕیارە نەک بە تەنیا بۆ پەکەکە، بەڵکو تەواوی درێژکراوەکانی پەکەکە دەگرێتەوە، بە تایبەت لە سووریا.''
ئەو لێکۆڵینڤانە سەبارەت بە ژمارەی ئەندامانی پەکەکە لە تورکیا گوتی، ''بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری، دەگوترێت کە چەند سەت میلیشیایەک لە سنووری تورکیا هەن، بۆیە دەتوانین بڵێین تا راددەیەکی زۆر کۆتاییان پێهاتووە و ژمارەیەکی وەهایان نەماوە''.
ئۆرهان دەشڵێت، هەر بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی تورکیا، لە هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەندامانی پەکەکە، ''ئەگەرچی ناتوانرێت باس لە ژمارەیەکی تەواو بکرێت، بەڵام دەگوترێت چوار بۆ پێنج هەزارن''.
جەبار یاوەر: بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە مانای ''خۆبەدەستەوەدان'' ناگەیێنێت
جەبار یاوەر، شارەزای بواری سەربازی و ئەمنی کە ئەویش یەکێک بوو لە میوانانی دیبەیتەکە، لەبارەی رێکارەکانی چەکدانانی پەکەکە و داهاتووی گەریلا و بەرپرسانی ئەو رێکخراوە دەڵێت، ''دەبێت تورکیا، هەرێمی کوردستان و عێراق لەمبارەیەوە هاوئاهەنگییان هەبێت''.
بە بۆچوونی جەبار یاوەر، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، مانای ''خۆبەدەستەوەدان''ی ئەو رێکخراوە ناگەیێنێت، دەشڵێت، ''تورکیا و پەکەکە لەوە تێگەیشتن، ئیدی ناتوانن بە چەک بگەنە هیچ ئەنجامێک و دەبێت دەست بە پرۆسەیەکی ئاشتی بکەن''.
عومەر ئیلەر: پەکەکە بەبێ مەرج بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە
عومەر ئیلەر، سەرۆکی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە ئامەد کە میوانێکی دیکەی دیبەیتەکەی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەبارەی ئەنجام و بڕیارەکانی کۆنگرەکەی پەکەکە جەختی لەوە کردەوە، ''هیچ داواکاریێکی تێدا باس نەکراوە، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەکە هیچ مەرجێکی تێدا نییە''.
هەندێک پێشنیاز هەن بۆ گواستنەوەی بەشێکی گەریلا و فەرماندەکانی پەکەکە بۆ وڵاتێکی ئەورووپی، زیاتر ناوی نەرویج و ئیتاڵیا دەهێنرێت لەو پرسەدا بۆ ئەوەی گەریلا و فەرماندەکان وەربگرن، هەروەها باس لەوە دەکرێت لە قۆناخی یەکەمدا 150 گەریلا بگوازرێنەوە یەکێک لەو وڵاتانە واتە نەرویج یان ئیتاڵیا، یان باشووری ئەفریقا، هەروەها وڵاتێکی ئاسیایی.
پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە مانگی حوزەیران دەستپێدەکات، دواتر بەردەوام دەبێ و بەپێی قۆناخەکان، بەرپرسانی ئاکپارتی دەڵێن :"ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێ و ماوەیەک دەخایێنێت."
لەبارەی چارەنووسی گەریلاکان و بەرپرسانی باڵای پەکەکە دوای خۆهەڵوەشاندنەوە، ئیلەر دەڵێت، ''من بەناوی خۆمەوە ئەم قسەیە دەکەم؛ لەوانەیە بنێردرێنە وڵاتانی سێیەم، یان بژارەیەکی دیکەیان بخرێتە بەردەم''.
زریان رۆژهەڵاتی: بڕیارەکەی پەکەکە دروست و ژیرانەیە
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو و یەکێک لە میوانەکان، لەبارەی ئەو شوێنانەی کە پەکەکە کۆنگرەی لێ بەستوون، گوتی، ''بەگوێرەی ئەو دوو ڤیدیۆیەی کۆنگرەکانی لێکراون، لەوە دەچێت ئەشکەوت بن، یان لەوانەیە لە چیاکانی کوردستان، وەک گارا، قەندیل یان دۆڵی کۆکێ کۆنگرەکان کرابن''.
بە بۆچوونی زریان رۆژهەڵاتی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەشێوەی راستەوخۆ بەشداریی لە کۆنگرەی پارتەکەی نەکردووە، دەشڵێت، ''هۆکارەکەش بۆ لایەنی تەکنیکی ئەمنی دەگەڕێتەوە. لەوانەیە پەیامێکی ڤیدیۆیی ئۆجەلانیان بۆ چووبێت، یان کەسێک چووبێتە لایان''.
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو پێیوایە، ''ئەوەی پەکەکە لە 20 ساڵی رابردوودا کردوویەتی، جگە لە زیان، هیچ سوودێکی بۆ کورد نەبووە. بۆیە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە تەواو دروست و ژیرانەیە و دەکرێت ئەمە لە ئایندەدا لە تورکیا و باکووری کوردستان، ببێتە مایەی ئەوەی مۆرکی تیرۆر لە پرسی کورد ببێتەوە.''
خەلیل ئاتاچ: پەکەکە بڕیاری چەکدانانی نەداوە
خەلیل ئاتاچ، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە یەکێک بوو لە میوانەکان دەڵێت، ''پەکەکە بزووتنەوەیەکی تۆکمەیە، پابەندی ئەو بڕیارانە دەبێت کە لە کۆنگرەدا داویەتی و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.''
ئەو ئەندامەی پێشووی پەکەکە باس لەوەش دەکات، ''پەکەکە لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت شەڕ دەوەستێنم و خۆم هەڵدەوەشێنمەوە، بەڵام باسی چەکدانان ناکات، بەڵکو دەست بە قۆناخێکی نوێ دەکات، دەست بە خەباتی سیاسیی دیموکراسی دەکات.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ