رووداو دیجیتاڵ
لەنێو خانوویەکی کرێنشینی قەزای پێنجوێن دا، منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ بە جەستەیەکی ماندوو، بەڵام بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە ململانێ لەگەڵ نەخۆشییەکی دەگمەن دەکات. محەممەد هاوکار تووشبووی نەخۆشیی پووکانەوەی دەمار و ماسولکەیە، بەڵام نەخۆشییەکەی نەک هەر رێگری لە خەونەکانی نەکردووە، بەڵکو لە قوتابخانەشدا نموونەی زیرەکییە.
"هەر کە دایان دەنام، دەکەوتم"
محەممەد لە تەمەنی چوار مانگییەوە نیشانەکانی نەخۆشییەکەی تێدا دەرکەوتووە. ئەو دەڵێت، "لە تەمەنی چوار مانگیدا زۆر شل بووم، دایان دەنام هەر دەکەوتم بەملا و ئەولادا، دواتر دکتۆرەکان گوتیان نەخۆشیی پووکانەوەی دەمار و ئێسکی هەیە."
ئەم منداڵە کە ئێستا لە پۆلی دووەمی بنەڕەتییە و پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی قوتابخانەکەی بەدەستهێناوە، چاوی لە هاوکاریی بینەرانی رووداوە و دەڵێت، "داوا لە بینەرەکانی رووداو دەکەم هاوکاریم بکەن تاوەکو چارەسەر بکرێم."
هیوایەک لە دەرەوەی وڵات
دایک و باوکی محەممەد هەموو دەرگاکانی چارەسەریان لە ناوخۆی وڵات کوتاوە، بەڵام وەڵامی پزیشکەکان هەمیشە یەک شت بووە، "لێرە چانسی نییە، تەنیا ئومێدێک مابێت لە دەرەوەی وڵاتە."
بەهار حەسەن، دایکی محەممەد بە گریان و ئومێدەوە بۆ رووداو دەدوێت و دەڵێت، "هیوایەتم ئەوەیە خۆشترین ژیانی هەبێت و خوای گەورە یارمەتیمان بدات بیبەینە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر."
گۆڵچییەکی ئازا لەسەر کورسیی جووڵاو
دوای تەواوکردنی وانەکانی، محەممەد بە کورسییە جووڵاوەکەی دەچێتە نێو کۆڵان. لەوێ هاوڕێکانی چاوەڕێی دەکەن تاوەکو پێکەوە یاریی تۆپی پێ بکەن. بۆ محەممەد، تۆپ تەنیا یاری نییە، بەڵکو ساتێکە بۆ لەبیرکردنی ئازارەکانی.
محەممەد دەڵێت، "من دەبمە گۆڵچی، چونکە توانای شووت لێدانم نییە و لەسەر عەرەبانەم."
ئەحمەد عومەر، یەکێک لە هاوڕێکانی محەممەد، بە سۆزەوە باسی هاوڕێکەی دەکات و دەڵێت، "ئێمە هەموومان محەممەدمان خۆش دەوێت، داواکارین لە بینەرانی رووداو یارمەتیی بدەن چاک ببێتەوە، بۆئەوەی پێکەوە زیاتر یاری بکەین."
خێزانێکی دەستکورت و پشکنینە چاوەڕوانکراوەکان
ئەو پزیشکەی ساڵانێک بوو چاودێریی دۆخی تەندروستیی محەممەدی دەکرد، کۆچی دوایی کردووە. پزیشکە نوێیەکەی بە رووداوی راگەیاندووە، بۆ دیاریکردنی وردی جۆری نەخۆشییەکەی، پێویستیان بە چەند پشکنینێکی نوێیە، بەڵام خێزانەکەی محەممەد، کە کرێنشینن و باری داراییان خراپە، تەنانەت توانای دابینکردنی تێچووی ئەو پشکنینانەشیان نەماوە.
ئێستا محەممەد لەنێوان ئازاری جەستەی و خەونی چاکبوونەوەدا، چاوەڕێی دەستێکی میهرەبانە تاوەکو جارێکی دیکە بتوانێت لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێتەوە و لەبری گۆڵپارێزی، رابکات و گۆڵ بۆ خەونەکانی تۆمار بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ