ئەفسەرێكی تورکیا چەند شوانێکی کورد ئەشکەنجە دەدات و لە تیکتۆک بڵاوی دەکاتەوە

13-07-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان ئەفسەرێكی سوپای تورکیا چەند شوانێکی کورد ئەشکەنجە دەدات و دیمەنی ئەشکەنجەدانەکەش تۆمار دەکات، دواتر لە تیکتۆک بڵاوی دەکاتەوە و لەسەر ئەوەش بارۆی ئامەد سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، رووداوەکە رۆژی 3ی حوزەیرانی ئەمساڵ لە ناوچەکانی گوندی تورەلی سەر بە شارۆچکەی لجێی ئامەدی باکووری کوردستان بووە.
 
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە، چەند سەربازێکی تورکیا لەو ناوچەیە سێ شوانی کوردیان دەستبەسەر کردووە و لەسەر دەم پاڵیان خستوون، شوانێکیش بە دانیشتنەوە لەگەڵ سەربازێکدا قسە دەکات، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لەو سەربازانە بەدیاریانەوە وەستاون.
 
ئەو ئەفسەرەی لە تیکتۆکی خۆی دیمەنەکانی بڵاوکردووەتەوە، بە زمانی تورکی لەسەر ڤیدیۆکە نووسیویەتی، "ئەفسەر بەرک". رووداوەکە دوای ئەوە ئاشکرا بوو، دیمەنەکان لە سۆشیاڵ میدیا بە ناونیشانی "تۆڵەسەندنەوە" بڵاوکرانەوە.
 
یەكێک لە شوانەکان بە یەکێک لە سەربازەکان دەڵێت، "بۆ نان لێرە پاڵکەوتم،" سەربازەکەش پێی دەڵێت، "هەی بێ خودا.."
 
یەکێك لە شوانەکان بەناوی حەنیفی یاڵاڤوز بۆ میدیایەکی خۆجێیی قسەی کردووە و دەڵێت، "شەو بەدیار مەڕ و ماڵاتەکانمان ماینەوە، چوار کەس بووین. خۆم و براکەم، مامم و کوڕەکەی. کاژێر 03:20 خولەکی بەرەبەیان شەڕ روویدا. دوای شەڕەکە ئێمەیان دەستگیر کرد و تۆمەتباریان کردین. پێیان گوتین: ئێوە بوون تەقەتان لە ئێمە کرد. دواتر لەسەر زەوی پاڵیانخستین و قۆڵبەستیان کردین و ئەشکەنجەیان داین، سووکایەتییان پێکردین. بە پێلەقە لەسەریان داین."
 
بارۆی ئامەد (سەندیکای پارێزەرانی ئامەد) لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بە تۆمەتی "ئەشکەنجەدان و خراپیی مامەڵە کردن، بریندارکردنی بە ئەنقەست، هەڕەشەکردن و ئەشکەنجەدان، هەروەها زەوتکردنی ئازادییەکانی تاک" سکاڵای یاساییان تۆمار کردووە و بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.