لافاو دەرگای 9 قوتابخانەی لە چەمچەماڵ و شۆڕش داخست

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
قوتابخانەیەک لە تەکیە لەدوای لافاوەکە
قوتابخانەیەک لە تەکیە لەدوای لافاوەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای چوار رۆژ لە دابڕان، دەرگای قوتابخانەکان کرانەوە، بەڵام ئەمجارەیان دیمەنەکە جیاوازە؛ نە زەنگی وانە لێدەدرێت و نە ریزبوونی بەیانیان هەیە. لافاو و بارانی بەخوڕی چەند ڕۆژی رابردوو، 9 قوتابخانەی بنەڕەتی لە سنووری چەمچەماڵ، ناحیەی شۆڕش و تەکیە تووشی زیانی گەورە کردووە و خوێندنی تێدا راگرتووە.
 
مامۆستایان و قوتابییان کە بۆ بەسەرکردنەوەی پۆلەکانیان گەڕاونەتەوە، لە جیاتی وانە خوێندن، خەریکی پاککردنەوەی قوڕ و لیتەی نێو پۆل و بەڕێوەبەرایەتییەکانن. لافاوەکە رەحلە، دۆسیە، پەرتووک و تەنانەت یادگارییەکانیشیانی لەگەڵ خۆی بردووە یان تێکیداون.
 
"هەموو شتێکمان لەناوچووە"
 
تانیا رۆکان، قوتابی قوتابخانەی بەردەقارەمان کە یەکێکە لەو قوتابخانانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، بە نیگەرانییەوە سەیری پۆلەکەی دەکات و دەڵێت: "خوێندنم زۆر هەیە و تەنیا بەشێکم خوێندووە، نزیکەی پێنج رۆژە نەهاتوومەتە قوتابخانە و زۆر بیرم دەکرد. هیوادارین بە زووترین کات قوتابخانەکەمان چاک ببێتەوە و پێداویستییەکانمان بۆ دابین بکرێت تاوەکو دەست بە خوێندن بکەینەوە."
 
تەنیا بینای قوتابخانەکان نین کە زیانیان بەرکەوتووە، بەڵکو کەلوپەلی تایبەتی قوتابیانیش لە ماڵەوە و لەناو پۆلەکانیشدا فەوتاون.
 
ئانا ئەحمەد، قوتابییەکی دیکەی قۆناخی بنەڕەتییە و باس لە دۆخی کتێبەکانی دەکات، ئەو بە رووداوی گوت: "لە ماڵەوە کتێبەکانم هەموو تەڕ بوون، لەبەردەم سۆپا دامناون تاوەکو وشک ببنەوە. دەفتەری تاقیکردنەوە و وانەکانم هەمووی لەناوچوون، لە قوتابخانەش ڕەحڵەکانمان هەمووی شکاون و جانتاکانمان تەڕ بوون."
 
ئەرشیفی قوتابخانەکان مەترسی فەوتانی لەسەرە
 
جگە لە پۆلەکانی خوێندن، ژووری مامۆستایان و ئیدارەی قوتابخانەکانیش بێبەش نەبوون لە زیانەکان. جەماڵ فەتاح، بەڕێوەبەری قوتابخانەی بەردەقارەمان ئاماژە بەوە دەکات کە زیانەکان تەنیا ماددی نین، بەڵکو ئیداریشین.
 
جەماڵ فەتاح گوتی: "تۆماری گشتیمان و دۆسیەکانمان زیانیان پێگەیشتووە و بەکەڵک نایەن. قەنەفە و دانیشتنی ژووری مامۆستا و بەڕێوەبەر وێران بوونە و هەموو کەوتوونەتە ژێر ئاو. ئەگەر بۆمان دابین بکەنەوە زۆر باش دەبێت."
 
وەزارەتی پەروەردە: قەرەبوویان دەکەینەوە و دەسەڵاتمان پێداون
 
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپەلە هاتە سەر هێڵ و پێنج بڕیاری سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئەو قوتابخانانە دەرکردووە، کە ئامانج لێی ئاساییکردنەوەی پرۆسەی خوێندنە.
 
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "پێمان گوتوون ئەو پێداویستیانەی کە لەناوچوونە لە ئەنجامی لافاو بۆمان دیاری بکەن، پارەتان بۆ دەنێرین تاوەکو بیکڕنەوە. ئەو قوتابیانەشی لە نێو قوتابخانە یان لە ماڵ کتێبەکانیان فەوتاوە، ئەوانیش بۆیان دابین دەکەینەوە."
 
سەبارەت بە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەمیش کە بڕیارە بەمزووانە دەستپێبکات، وەزیری پەروەردە گوتی: "بۆ تاقیکردنەوەکان دەسەڵاتمان پێداون هەمەهەنگی بکەن و بەپێی میکانزمێک لە مانگی یەک تاقیکردنەوەکان دیاری بکەن."
ئاماری زیانەکان
 
بەپێی بەدواداچوونەکان، لە کۆی ئەو نۆ قوتابخانەیەی زیانیان بەرکەوتووە:
 
3 قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی تەواوەتی و سەرلەنوێ هەیە.
 
6 قوتابخانەکەی دیکە بە دابینکردنی هەندێک پێداویستی سەرەتایی دەتوانن دەست بە دەوام بکەنەوە.
 
خەمی سەرەکی ئێستای مامۆستا و قوتابییەکان، دابینکردنی خێرای کەرەستەکانی خوێندنە تاوەکو بتوانن جارێکی دیکە دەرگای قوتابخانەکانیان بەڕووی زانستدا بکەنەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

لە لیبیا 42 کۆچبەری کورد دەستگیر دەکرێن؛ زۆربەیان خەڵکی ئیدارەی راپەڕینن

ماوەی شەش رۆژە 42 گەنجی کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە زۆربەیان دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن، لە کەناراوەکانی لیبیا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر کراون و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە