رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان، دوای ئەو شەپۆلی بەفرەی چەند رۆژێکە بەردەوامە، گرفتی ئاو و کارەبا دروستبووە و هاونیشتمانییان داوای چارەسەر لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن.
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بەفربارین باکووری کوردستانی گرتووەتەوە و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاونیشتمانییان دروستکردووە.
پەیامنێری رووداو لە دێرسم رایگەیاند، لە شارۆچکەکانی پارێزگاکە دوای بەفربارینێکی زۆر کارەبا و ئاوی هاونیشتمانییان بڕاوە و ئەمەش ژیانی خەڵکی زۆر زەحمەت کردووە.
لە هەندێک ناوچەی دێرسم بەفر 145 سانتیمەتری تێپەڕاندووە.
هاونیشتمانییان رەخنە لە بەرپرسان دەگرن سەرەڕای هۆشدارییەکان، پێش بارینی بەفرەکە رێوشوێنی پێویست نەگیراوەتەبەر و ژێرخانی شارەکە ئامادەی شەپۆلیکی لەمجۆرەی بەفر نەبووە.
لە بەیانیی رۆژی سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026ـەوە لە زۆرینەی گەڕەکەکانی شارەکە کارەبا و ئاو بڕاون، بەرپرسانی پارێزگاکە رایانگەیاندووە، بەهۆی تێکچوونی مۆتۆڕەکانی ئاو، لانی کەم تاوەکو دوو رۆژی دیکە کارەبا نابێت، بەهۆی ئەوەی ترۆمپاکانی ئاو بە کارەبا کار دەکەن، بە بڕانی کارەبا، ئاویش لە سەرتاسەری شارەکەدا بڕاوە.
سەرمایەکی تووند رووی لە شارەکە کردووە و بڕانی کارەبا مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی منداڵان، بەساڵاچووان و نەخۆشە درێژخایەنەکان دروستدەکات، هاونیشتمانییانی دێرسم دەڵێن، ئەم گرفتە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرپرسان چارەسەرێکی بنبڕکاریان بۆ نەدۆزیوەتەوە.
پارێزگاریی دێرسم رایگەیاند، تیمەکانیان 24 کاژێر لەسەر کارن و هەموو دامەزراوەکان هەوڵدەدەن لە زووترین کاتدا کێشەی ئاو و کارەبای شارەکە چارەسەر بکەن، دێرسمییەکان دەڵێن بارینی بەفر لە ناوچەکەیاندا دۆخێکی سرووشتییە، بەڵام بڕانی کارەبا و ئاو بەم شێوەیە جێگەی قبووڵکردن نییە.
بەگوێرەی کەشناسی، رۆژی چوارشەممە 13-01-2026 ئاسمانی دێرسم ساماڵ دەبێت و پلەی گەرما لە نێوان 12ی ژێر سفری سیلیزی و 1ی ژێر سفر دەگۆڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ