لە سلێمانی بەفر و باران زیان بە 127 ستوونی کارەبا دەگەیێنێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی هەفتەی رابردوو هەرێمی کوردستانی گرتەوە، زیانی زۆر بە تۆڕەکانی کارەبا لە سنووری پارێزگای سلێمانی گەیشتووە و 127 ستوونی کارەبا زیانیان بەرکەوتووە.
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، زۆرترین زیان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی بەشی رۆژهەڵات و لە ناوچەی شارباژێڕ تۆمارکراوە، کە 60 ستوونی کارەبا شکاون، لاربوون یان لە بن دەرهاتوون. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، "سەرەڕای سەختیی ناوچەکە و بەفری زۆر، تیمەکانی فەرمانگەی کارەبای چوارتا لە هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی کارەبا بۆ گوندەکانی سنووری ناحیەی باسنێ و رەشەکانێ."
 
دابەشبوونی زیانەکان بەپێی ناوچەکان:
 
- چەمچەماڵ: 22 ستوون زیانیان پێگەیشتووە 12 دانەیان شکابوون و 2,125 مەتر کێبڵی کارەبا پچڕابوون، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، "زۆربەیان چاککراونەتەوە."
 
- دووکان: 15 ستوون زیانیان بەرکەوتووە، بەهۆی رەشەباوە ژمارەیەک فیدەر و گۆڕەری کارەبا زیانیان پێگەیشتووە.
 
- دەربەندیخان: هەشت ستوونی کارەبا زیانیان بەرکەوتووە و لەلایەن هۆبەکانی چاکسازییەوە چارەسەرکراون.
 
- سەیدسادق: شەش ستوونی کارەبا زیانیان پێگەیشتووە و چاککراونەتەوە.
 
- رۆژئاوای سلێمانی: پێنج ستوون زیانیان بەرکەوتووە، جگە لە دروستبوونی شۆرتی کارەبا لە چەند ناوچەیەک بەهۆی رەشەباوە.
 
- قەرەداخ: ستوونێک شکاوە و چەند تەلێک پچڕابوون، بەگوێرەی کارەبای سلێمانی، "کێشەکە بە زوویی چارەسەر کراوە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی جەختی لەوە کردووەتەوە، تیمەکانی چاکسازی لە هەموو سنوورەکان لە ئامادەییدان بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک کە بەهۆی بارودۆخی کەشوهەواوە دروست ببێت و، "کار دەکەین بۆ ئەوەی لە کەمترین ماوەدا کارەبا بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێننەوە کە بەهۆی شکانی ستوونەکانەوە بڕاوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە