رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان ماوەی یاسایی بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هەڵگری تابلۆی کاتی لە 60 رۆژەوە بۆ 90 رۆژ درێژکردەوە. گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانیش دەڵێت، بڕیارەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-01-2026، بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆ لەپێناو کەمکردنەوەی گوشار لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ و کارئاسانی بۆ هاونیشتمانیان، بڕیاری دا ماوەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکان لە 60 رۆژەوە بۆ 90 رۆژ درێژ بکاتەوە."
سەبارەت بە کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی گوتی: "بڕیارەکە لە 01-01-2026ـەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، واتە ئەو گرێبەستانە دەگرێتەوە کە لەوکاتەوە کراون."
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە، بڕیارەکە بەپێی رێنمایی ژمارە 14ی ساڵی 2025 دەرچووە کە تایبەتە بە هاوردەکردن و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی رێنماییە نوێیەکە، هەر هاونیشتمانییەک ئۆتۆمبێلێکی ژمارە کاتی بکڕێت، لە جیاتی 60 رۆژ، 90 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی تۆمار بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ