رووداو دیجیتاڵ
بەدرخان، کرێکارێکی کوردی تەمەن 57 ساڵانە، کرێکاری بلۆک و دیوارە. ئەو بەیانییان زوو تاوەکو دوای نیوەڕۆ، چاوەڕوانی دەستکەوتنی کارێک دەکات. پێش خراپبوونی دۆخی دارایی، بە تەلەفۆنێک کاری دەستدەکەوت، بەڵام ئێستا دەبێت لە پاڵ 20 کرێکاری دیکەی عەرەب بووەستێت و شەڕ لەسەر دەستکەوتنی کار دەکەن.
ئەو هاونیشتمانییە، ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و دوو منداڵی هەیە. ئەو دەڵێت، مانگانە ئەوپەڕی 300 بۆ 400 هەزاری دەستدەکەوێت.
بەدرخان سدیق، لەبارەی دەستکەوتنی کارەوە باس لەوە دەکات، "جار هەیە 10 هەزارە و جار هەیە 15 هەزارە، رۆژ هەیە، هەیە و رۆژ هەیە نییە، یان تەنیا بەشی مەسرەف دەکات بە جڕە جڕ، کابرا خانووی بە کرێ بێت، هەر بەشی ناکات، ئەگەر خانووەکەی بە کرێ نەبێت باشترە. جار هەیە رۆژانە 25 هەزارمان دەستدەکەوێت و رۆژ هەیە 20 هەزار و 15 هەزار، ئاوا خۆیان و ویژدانییان."
ئەو هاونیشتمانییە هەروەها دەڵێت، "هەموو رۆژیش کارمان دەستناکەوێت، هەیە هەفتەیەک کاری نەکردووە، ئەم پیاوە دەبینی 10 رۆژە کاری نەکردووە، دوێنێ پێنج هەزاری وەرگرتووە کابرایەک خێری کردووە و پێنج هەزاری داوەتێ."
وەستا حوسێن وەستای مەڕمەڕە، پێش ئەم دۆخە ئابوورییەی هەرێمی کوردستان، مانگانە لە نزیکەی 15 خانوو کاریان کردووە، بەڵام ئێستا مانگی ئەوپەڕی خانووێک یان دووانیان هەیە.
حوسێن حەسەن، لەبارەی هەبوونی کار بەراورد بە پێشوو دەڵێت، "ئەگەر ئێستا مووچە بێت بە بەردەوامی هەموو کەس خانوو دەکات، هەموو جار سەیرمان کردووە کە دوو سێ مووچە لەسەر یەک بە رێک و پێکی دراوە، ئەوە کار زۆر بووە، کە بەغداش دوو مانگ یان سێ مانگ جارێک مووچە بینێرێت کابرا کار ناکات و خانووەکەی رادەگرێت، بلۆکێک لە دەرگا دادەنێت و دایدەخات،"
بە گوێرەی دوایین روپێوی کە لە عێراق ئەنجامدراوە، رێژەی بێکاری لە ساڵی 2024 لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 14.97٪.
کاروان کەریم، وەستای گەچکارییە و لەبارەی مامەڵەکردنی خەڵک لەم دۆخەی ئێستادا دەڵێت، "خەڵک هەیە لەسەر 200 دینار مامەڵەمان لەگەڵ دەکات لەسەر 250 یان 500 دینار، پێشتر ئێمە بە 8 هەزار یان بە 9 هەزار کارمان دەکرد، ئێستا بە 5 هەزار یان 5 هەزار و نیو یان 4 هەزار و نیو کاردەکەین."
ئەگەر سەیری ئەنجامی رووپێویەکە بکەی رێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024، 8.6٪ بووە لە کاتێکدا لە ساڵی 2018، 5.46٪ بووە. واتا رۆژ بە رۆژ هەژاری لەم شەش ساڵەی رابردوو هەڵکشاوە.
بەگوێرەی پێوەرەکانی هەژاری لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هەر كەسێک لەمانگێكدا 137 هەزار دیناری هەبێت بە هەژار هەژمار ناكرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ