رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بە زیاتر لە 10 درۆن هێرش کرایە سەر پارێزگای هەولێر. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە ئەنجامی یەکێک لە هێرشە درۆنییەکان دوو کەس لە کۆنسووڵخانەی ئیمارات لە هەولێر بریندار بوون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە یەکێک لە هێرشە درۆنییەکاندا دوو کارمەندی نیپاڵی کە لە کۆنسووڵخانەی ئیمارات لە هەولێر کاردەکەن، بریندار بوون.
10ـی ئەم مانگەش درۆنێک نزیک لە کۆنسووڵخانەی ئیمارات لە شاری هەولێر کەوتە خوارەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بە درۆن لێیدراوە و زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتەکەی ئیمارات ئەو کات رایگەیاند، هێرشەکە هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد "راستەوخۆ دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن لە وردەکارییەکانی ئەم هێرشە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن و هەموو رێکارێکی پێویست بگرنە بەر بۆ مسۆگەرکردنی سزادانی ئەو کەسانەی لە پشت ئەم کارەوە بوون".
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 315 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری.
بەهۆی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، شەش سەربازی فەرەنسی برینداربوون و ئەفسەرێکی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ