رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان "بە تووندی" سەرکۆنەی هێرشی ئەمڕۆی سەر کۆنسووڵخانەی ئیمارات لە هەولێر دەکات کە بەهۆیەوە دوو پاسەوان بریندار بوون و زیان بە باڵەخانەی کۆنسووڵخانەکە گەیشت.
رۆژی شەممە، 14ـی ئاداری 2026، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر کۆنسووڵخانەی ئیمارات بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هیوای زووچاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین".
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە: "پێویستە حکومەتی عێراق ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان جێبەجێ بکات، رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە بكات و ئەنجامدەرانی بدۆزێتەوە و سزایان بدات، تاکوو چیتر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی وڵات نەکەونە مەترسییەوە."
پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکە گوتی: "سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکەین کە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کۆنسووڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیماراتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق کردە ئامانج."
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی ''دوو کارمەندی ئەمنی'' و زیانگەیاندن بە باڵەخانەی کۆنسووڵخانەکە.
ئیمارات ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمە دووەم هێرشی لەو شێوەیەیە لە یەک هەفتەدا دەکرێتە سەر هەمان شوێن.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە ئامانجگرتنی نێردە و بارەگا دیپلۆماسییەکان "پێشێلکارییەکی زەقی هەموو نەریت و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەتی رێککەوتننامەی ڤییەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کە پارێزبەندیی تەواو بۆ باڵەخانە دیپلۆماسییەکان و کارمەندەکانیان دابین دەکات."
ئیمارات هێرشەکە بە "پێشهاتێکی مەترسیدار و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە" ناودەبات و داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات "لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەم هێرشە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی لایەنە بەرپرسەکان و گرتنەبەری هەموو رێکارە پێویستەکان بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی."
10ـی ئەم مانگەش درۆنێک نزیک لە کۆنسووڵخانەی ئیمارات لە شاری هەولێر کەوتە خوارەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بە درۆن لێیدراوە و زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ