سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست: بەغدا مەرجەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ 'ئەسیکۆدا' قبووڵە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
د. رێبوار کەریم، سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست و سەنگەر عەبدولڕەحمان
د. رێبوار کەریم، سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست و سەنگەر عەبدولڕەحمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، بەغدا مەرجەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی (ئەسیکۆدا) لە دەروازە سنوورییەکان قبووڵە. هاوکات رایدەگەیێنێت، محەممەد شیاع سوودانی داوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کردووە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی هەرێمی کوردستان ئەرێنی نەبووە.
 
د. رێبوار کەریم، لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی بەغدا، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "کەلوپەل و پێداویستی لە دەروازەکانی هەرێمەوە داخڵ دەبن و گومرگیش لەوێ دەدرێت بە هەرێمی کوردستان، داهاتی گومرگ نادرێتە بەغدا، بەڵکو عێراق تەنیا ئاگای لە وردەکارییەکان دەبێت."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست گوتی، ئەو لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و گومرگی عێراق کۆبووەتەوە و بەڵگەی فەرمییان خستووەتە بەردەست کە تێیدا بەغدا رازی بووە بە مەرجەکانی هەولێر. گوتیشی، "هەرێمی کوردستان داوای کردووە سێرڤەری سیستمەکە لە کوردستان بێت و لەژێر چاودێری هەرێمدا بێت، عێراق بە هەمووی گوتووە باشە، تەنانەت عێراق بە فەرمی نووسراوی کردووە کە ئامادەیە پارەی تێچووی جێبەجێکردنی سیستەمەکەش لە ئەستۆ بگرێت."
 
سوودانی چاوەڕێی نەوتی کوردستانە
 
د. رێبوار کەریم دەڵێت، عێراق کێشەی کۆکردنەوەی پارەی هەیە، چونکە سەرچاوە ستراتیژییەکەی کە نەوتە، کێشەی تێکەوتووە، بۆیە سوودانی داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە یارمەتیان بدات بۆ ئەوەی نەوت لەوێوە بڕوات (هەناردە بکرێتەوە)، بەڵام وەک ئەو دەڵێت: "تاوەکو ئێستا وەڵامی هەرێمی کوردستان ئەرێنی نییە".
 
بە گوتەی د. رێبوار، ئەو رەتکردنەوەیەی هەرێمی کوردستان پێگەی کورد لە بەغدا لاواز دەکات، بەتایبەت لەم کاتەدا کە بەهۆی ململانێ و شەڕەکانی ناوچەکەوە، عێراق خۆی لە دۆخێکی هەستیار و لاوازدایە.
 
پرسی مووچە و یەدەگی بانکیی عێراق
 
لەبارەی دابەشکردنی مووچەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست روونیکردەوە کە پێش جەژن مووچە دابەش ناکرێت و دەکەوێتە دوای جەژن، بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر نەوت لە رێگەی هەرێمی کوردستان هەناردە نەکرێتەوە، گرفت دروست دەبێت.
 
د. رێبوار لە زاری سوودانییەوە دەگوازێتەوە و دەڵێت: "عێراق یەدەگێکی باشی هەیە و بۆ چەند مانگێک دەتوانێت خۆی پێوە بگرێت، بەڵام ناتوانرێت تاسەر دەست بۆ ئەو یەدەگە ببرێت، چونکە وەکو ئێرە نییە بە ئاسانی بانکەکان بەتاڵ بکرێن، لە پەرلەمان و میدیاکانەوە لێپرسینەوەی تووند هەیە." جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە حکومەت بەپەلە پێکبهێندرێت بۆ ئەوەی بە دەسەڵاتی تەواوەوە ئەم کێشە دارایی و تەکنیکییانە چارەسەر بکرێن".
 
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان لە بەغدا بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و دژی هەر هەوڵێکن کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی هەرێمی کوردستان، هاوکات هۆشداریش دەدات لە راکێشانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ناو ئەو شەڕەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگوزەرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی هێرشە درۆنییەکە بۆسەر کۆنسووڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر

ئیمارات هێرشکردنە سەر کۆنسووڵخانەکەی لە هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات

حکومەتی ئیمارات سەرکۆنەی هێرشێکی "تیرۆریستیی" درۆنی بۆسەر کۆنسووڵخانەی گشتیی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان دەکات کە ئەمڕۆ کرا و دەڵێ، لە هەفتەیەکدا ئەمە دووەمجارە هێرش دەکرێتە سەر کۆنسووڵخانەکەی.