زیانەکانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی کوردستان؛ دەیان کوژراو و بریندار هەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا زیانی زۆری گیانی و مادیی لێکەوتووەتەوە، کە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لێی بەدەر نین، بە دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان شوێنەواری مێژووییش زیانیان بەرکەوتووە.
 
ئەمڕۆ شەممە 14-03-2026، جەنگی ئیسرائیل-ئەمریکا لەگەڵ ئێران پێی ناوەتە رۆژی 15یەمەوە، تاوەکو ئێستا چەندین شوێنی سڤیل لە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان زیانیان بەرکەوتووە و ژمارەیەک هاونیشتمانییش گیانیان لەدەستداوە.
 
سنە
 
پارێزگای سنە یەکێکە لەو ناوچانەی کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە، زۆرترین زیانی گیانی تێدا تۆمارکراوە.
 
بەگوێرەی ئاماری پەیوەندییە گشتییەکانی فریاکەوتنی خێرای سنە، تاوەکو ئێستا 112 کەس لە ئەنجامی هێرشەکاندا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە، گیانیان لەدەستداوە.
 
ژمارەی برینداران لەو پارێزگایە گەیشتووەتە 969 کەس کە 5ـیان لەژێر چاودێریی چڕدان.
 
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، وەرزشڤانێکی یاریی بالەش کە خەڵکی بانەیە، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەستداوە.
 
بەهۆی چڕیی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر بنکە سەربازییەکان، زیانێکی زۆر بەر شوێنەوارە مێژووییەکانی پارێزگای سنە گەیشتووە. لەوانەش کۆشکی ئاسەف و مۆزەخانەی نیشتیمانی (کۆشکی سالار سەعید) و کۆشکی خەسرەوئاوا.
 
ورمێ
 
لە 15 رۆژی جەنگدا هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی پارێزگای ورمێش بەردەوام بوون و زیان بە چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون و شوێنی سڤیلیش گەیشتووە.
 
میدیای ئێران پشتڕاستی کردووەتەوە کە تاوەکو ئێستا تەنیا لە کەرتی وەرزشدا، 12 وەرزشڤان لە شارە جیاجیاکانی وەک ورمێ، سەردەشت، بۆکان، نەغەدە و خۆی بەهۆی بۆردوومانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی ورمێ، تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی هێرشەکاندا، گیانلەدەستدانی دوو قوتابی لە سنووری پارێزگاکە پشتڕاست کراوەتەوە.
 
هەر بەگوێرەی ئامارەکە، قوتابخانەیەکی کچان لە ناوەندی پارێزگاکە بە ناوی ''عیسمەت'' بەهۆی مووشەکەوە بە تەواوی خاپوور بووە.
 
هاوکات مانگی سووری پارێزگاکەش لە دوایین ئاماردا زیانگەیشتن بە زیاتر لە 60 یەکەی نیشتەجێبوونی لە ناوەندی ورمێ راگەیاندووە.
 
لە شاری مهابادی سەر بە پارێزگای ورمێش، لە ئەنجامی هێرشێکدا بنکەیەکی مانگی سووری شارەکە خاپوور کراوە.
 
هەروەها لە ئەنجامی هێرشێکدا، زیان بەر کارگەیەکی دروستکردنی نیشاستە و ئاردی نەغەدەش کەوت و 9 کەس گیانیان لەدەستدا و 9ـی دیکەش بریندار بوون.
 
ئەوە جیا لە کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان کە تاوەکو ئێستا ژمارەیان بە فەرمی رانەگەیێندراوە.
 
لوڕستان
 
بنکە سەربازییەکانی سوپا، سوپای پاسداران، پۆلیس و بەسیج لە پارێزگای لوڕستانیش رووبەڕووی هێرشی چڕ بوونەتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، زیانی گیانی لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر پارێزگاکە زۆرن، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی ژمارەیان بڵاو نەکراوەتەوە.
 
هاوکات گیانلەدەستدانی چوار قوتابیش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی لوڕستانەوە پشتڕاستکراوەتەوە کە دوایینیان ''زەینەب پاپی''ـی خەڵکی بروجێرد بوو کە دوێنێ هەینی، دوای چەند رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
 
لە دوایین ئاماری مانگی سووری پارێزگاکەشدا هاتووە، بەهۆی هێرشەکانەوە، 2500 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی خاپوور کراون.
 
 شوێنەواری مێژوویی فەلەکولئەفلاک و مۆزەخانەی خوڕەمئاوا دوو لەو شوێنەوارانەن کە لە پارێزگای لوڕستان زیانیان بەرکەوتوووە.
 
هەروەها تاوەکو ئێستا لە هێرشەکاندا 13 ناوەندی وەرزشی و بنکەیەکی فریاکەوتنی خێرای لوڕستان زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
 
بەگوتەی سەعید شاهروخی، پارێزگاری لوڕستان، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 10 شاری پارێزگاکەیان گرتووەتەوە.
 
ئیلام
 
هەر ئەمڕۆ لە شاری ئیوانی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا، شەش ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا.
 
بەگوتەی تاجەدین ساڵحیان، جێگری پارێزگاری ئیلام یەکێک لە قوربانییان منداڵێکی تەمەن شەش مانگانەیە.
 
بەپێی میدیای ئێران، لە ماوەی 15 رۆژی جەنگدا، تەنیا لە ئیلام 60 کەس کوژراون و 4 لە کوژراوانیش منداڵن.
  
کرماشان
 
لە کرماشان جگە لە بۆردوومانی سەر بنکە سەربازییەکان، ژمارەیەک ناوەندی تەندروستی خاپوور کراون و خوێندکارانی زانکۆش گیانیان لەدەستداوە.
 
هەرچەندە ئاماری فەرمی رانەگەیێندراوە، بەڵام میدیای ئێران پشتڕاستی کردووەتەوە کە سێ خوێندکاری زانکۆی خەڵکی پارێزگاکە و وەرزشڤانێک بە ناوی موبین ئیبراهیمی لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا کوژراون.
 
هاوکات جیا لە ژمارەیەک بنکەی تەندروستی، نەخۆشخانەی سەلاسی باوەجانیش زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و بۆ ماوەیەک بە تەواوی لە کار کەوتبوو.
 
بەگوتەی بەرپرسانی پارێزگاکە، شوێنەواری مێژوویی تەکیەی بێگلەربەیگی، کە یەکێکە لە بینا هەرە جوان و مێژووییەکانی سەردەمی قاجارە و کەوتووەتە گەڕەکی کۆنی شاری کرماشان، زیانی زۆری بەرکەوتووە.
 
هەروەها خوێندنگەی مێژوویی کەزازیش لە گۆڕەپانی فیردەوسیی کرماشان هەڵکەوتووە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا تووشی زیان بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە