رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە رایگەیاند، حاجییان دەتوانن سوودمەند بن لە گۆڕینەوەی 2000 دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی و بۆ هەر 100 دۆلارێک 132,000 دینار. دەشڵێت: "حاجیانی سلێمانی تەنیا یەک رۆژیان ماوە، بۆیە پێویستە سبەی سەردانی بانک بکەن."
رۆژی چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەکو ئاسانکاری و هاوکاری بۆ حاجییان بەردەوام هەوڵمان داوە لەگەڵ بانکی ناوەندیی فیدراڵ و بە مەبەستی گۆڕینەوەی 2000 دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی و بۆ هەر 100 دۆلارێک 132,000 دینار، لەئەمڕۆوە حاجییان دەتوانن سەردانی لقی بانکەکانی جیهان بکەن بە مەبەستی سوودمەندبوونیان لەو بڕە پارەیە.
وەکو گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە دەڵێت، پێنج هەزار و 136 حاجیی کورد لەو بڕیارە سوودمەند دەبن و بەهۆی ئەو بڕیارەوە هەر حاجییەک زیاتر لە 200 هەزار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە، بە هەموویان زیاتر لە ملیارێک دینار دەکات.
لەبارەی پێداویستییەکان بۆ سوودمەندبوون لەم بڕیارە، کاروان ستوونی دەڵێت: "پێویستە پاسپۆرت و ڤیزا لەگەڵ خۆیان ببەن"، هەروەها نابێت هیچ کەسێک لە جیاتی کەسێکی دیکە پارەکە وەربگرێت، لقی بانکەکانی جیهان لە هەولێر، سلێمانی هەن و حاجیانی شاری دهۆکیش دەتوانن سەردانی شاری هەولێر بکەن بۆ ئەم مەبەستە.
یەکەم گەشتی حاجییان هەینی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستپێدەکات و شەممەش لە هەولێر و دهۆکەوە دەستپێدەکات.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە دەڵێت: "هاونیشتمانییانی سلێمانی تەنیا سبەیان لەبەردەست ماوە، بۆیە داوا لە هاونیشتمانییانی هەولێر و دهۆک دەکەم سبەی رەچاوی بارودۆخی حاجییانی سلێمانی بکەن و گوشار لەسەر بانکەکان دروست نەکەن، تاوەکو سەرەتا ئەوانەی سلێمانی بتوانن بڕۆن."
کاتی سەردانکردن بۆ بانک:
شیفتی بەیانیان: کاژێر 09:00ـی بەیانی تاوەکو 12:00ـی نیوەڕۆ.
شیفتی ئێواران: کاژێر 15:00ـی ئێوارە تاوەکو 17:00ـی ئێوارە.
شیفتی سێیەم: کاژێر 19:00 تاوەکو 22:30.
ئەمە لە کاتێکدایە کە 1-5-2025، عەممار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بڕیاری پێدانی 2000 دۆلار بە نرخی فەرمی، حاجییانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگیمان لەگەڵ بکەن و ناوی حاجییانمان بۆ بنێرن، بۆ ئەوەی سەرجەمیان لە پێدانی دۆلار سوودمەند بن.
ئەم ساڵ نزیکەی 34 هەزار کەس لە پارێزگاکانی عێراق حەج دەکەن. پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەم ساڵ بەراورد بە پار زیاد کراوە. ساڵی رابردوو چوار هەزار و 174 کەس ناویان دەرچووبوو، بەڵام بۆ حەجی ئەم ساڵ کە لە 25-09-2024 تیروپشکی بۆ کرا، پێنج هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ