رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست دەڵێت، ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو مامۆستایانی گرێبەست مووچەی مانگی نیسان وەردەگرن.
رۆژی چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، عەلی رەئووف، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سێشەممە و چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو مامۆستایانی گرێبەست لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی نیسان وەردەگرن."
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی نیسانی بڵاوکردەوە، لە ئەمڕۆوە دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە کە خانەنشینی شارستانی، خاوەن پێداویستیی تایبەت، زیندانیانی سیاسی، بەرکەوتووانی کیمیاباران و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی تەندروستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا ئەمڕۆ مووچەیان وەرگرت، لە ماوەی سێ رۆژدا هەموو فەرمانبەران مووچە وەردەگرن.
هاوکات لە بەرنامەی ئەمڕۆی (رۆژی هیوا جەمال)، بەدواداچوون بۆ دوو پرسیاری هاونیشتمانییان کرا، لەبارەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەش کە مانگی تەممووزی رابردوو گرێبەستیان بۆ کراوە.
لە نێو بەرنامەکەیدا، هیوا جەمال، پێشکێشکاری رووداو، پرسیارەکانی بۆ وەزارەتی دارایی نارد و وەڵامەکەی وەرگرتەوە.
لەکۆتایی ساڵی رابردوو ژمارەیەک فەرمانبەر بەشێوەی گرێبەست لەسەر وەزارەتە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون، بەڵام نزیکەی هەشت مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە. بەشێک لەو فەرمانبەرانەی پەیوەندییان بە رووداو کردووە، دەڵێن، "لە مانگی ئەیلوولی رابردووەوە وەکو فەرمانبەری گرێبەست دەستبەکاربووین و دەوام دەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەمان بۆ جەرج نەکراوە."
لەبارەی گرێبەستەکانەوە، وەزارەتی دارایی بە رووداوی گوت: "ئەوانەی لەدوای یەکی تەممووز دامەزراون بە گرێبەست، لەم مانگەوە مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت، ئەگەری هەیە دوو مووچە وەربگرن."
ئەوانە بەسەر وەزارەت و دەستەکان دابەشبوون و کاتی ویستووە تاوەکو کۆکراونەتەوە.
19ـی ئاداری رابردوو ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی راسپاردووە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە، بەگوێرەی لێدوانی وەزارەتی دارایی بێت، "لەم مانگەوە کێشەکەیان چارەسەر دەبێت".
لەبارەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەستیش بۆ مانگی نیسان، وەزارەتی دارایی راگەیاند: "هەفتەی داهاتوو مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت".
25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکاتە گرێبەست، کە ژمارەیان 37,933 مامۆستا بوو.
دوای رێکارە کارگێڕییەکان، سەرجەمیان کرانە گرێبەست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ