رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رەزامەندیی نیشاندا بۆئەوەی تەرمی عەلی قازی لە مهاباد بەخاکبسپێردرێت، بنەماڵەی پێشەوا قازی بڕیاریاندا تەرمەکەی ببەنەوە مهاباد و لەوێ بەخاکی بسپێرن.
رۆژی پێنجشەممە 14-07-2022 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر ئەرکی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە فڕۆکەیەکی تایبەت، تەرمی عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەممەد دەگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بەیانیی رۆژی دووشەممە دەگاتە هەولێر.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی، "لە فڕۆکەخانە رێوڕەسمێکی پێشوازیی بۆ دەکرێت و دواتر تەرمەکەی دەبرێت بۆ مهاباد و لەوێ بەخاکدەسپێردرێت."
بەرلەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رەزامەندی بدات بۆ بردنی تەرمی عەلی قازی بۆ مهاباد، بڕیاربوو لە کەلار بەخاکبسپێردرێت.
نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، "کۆماری ئیسلامیی ئێران رەزامەندیی نیشانداوە تەرمی عەلی قازی لە مهاباد بەخاکبسپێردرێت."
کۆنسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر گوتیشی، "لەسەر داخوازیی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو عەلی قازی، بۆ گواستنەوەی تەرمەکەی بۆ ئێران، کۆماری ئیسلامیی ئێران رەزامەندیی نیشاندا کە تەرمەکەی لە گۆڕستانی بنەماڵەی خۆیان یاخود هەر شوێنێکی دیکە لە خاکی ئێران بەخاکبسپێردرێت."
عەلی قازی، تاقانە کوڕی پێشەوا قازی محەممەد بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 10-07-2022 لە نەخۆشخانەیەک لە ئەڵمانیا بەهۆی وەستانی دڵیەوە کۆچی دوایی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ