سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە: لە ماوەیەکی نزیکدا بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپا پڕدەکرێتەوە

14-07-2022
گۆڤەند مستەفا
هێزێکی پێشمەرگە و سوپای عێراق. وێنە: رووداو
هێزێکی پێشمەرگە و سوپای عێراق. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت تاوەکو دەستبەکاربوونی دوو لیوا هاوبەشەکە پلانی دیکەیان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئامادەکردووە و ئاماژە بەوە دەدات "لە ماوەیەکی نزیکدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق ئەو بۆشاییانە پڕ دەکرێنەوە."
 
فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم پێکهێنانی دوو لیوا هاوبەشەکەدا نەماوە و تەنیا بابەتی بودجە نەبێت، تەنیا ئەوە ماوە وەزارەتی دارایی راسپێردرێت بۆئەوەی بودجەیان بۆ دابین بکات."
 
بە گوتەی سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەگەڵ سوپای عێراق "کاریگەریی لەسەر خێراترکردنی کارەکان هەبووە، ئومێد دەکەین زیاتر پەرەی پێبدەین و میکانیزمی باشتر بدۆزینەوە بۆئەوەی خێرایی کارەکان زیاتر ببێت."
 
رووداو: هۆکاری پڕ نەکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، چییە؟
 
فەریق روکن عیسا عوزێر: پێش دوایین دیدارمان لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی، کێشەی تەکنیکی هەبوو لە شێوازی پێکهێنان و ئامادەکردنی ناوەکان، بەڵام دوای ئەوەی یەکترمان بینی و کۆبووینەوە، هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم پێکهێنانی نەماوە، تەنیا بابەتی بودجە نەبێت. تەنیا ئەوە ماوە وەزارەتی دارایی راسپێردرێت بۆئەوەی بودجەیان بۆ دابین بکات، ئەوکات دوو لیوایەکە دەستبەکار دەبن و مەشقیان پێدەکرێت و پڕچەک دەکرێن. هاوپەیمانان بەڵێنیان داوە چەکی پێویستیان بۆ دابین بکەن، وەزارەتی داراییش بودجەیان بۆ دابین بکات و وەزارەتی بەرگرییش مەشق و راهێنانیان پێ بکات و دەستبەکار ببن. هۆکارەکە بە پلە یەک تەنیا بودجەیە، ئەگەر بودجەیان بۆ دابین بکرێت لە پێنج بۆ شەش مانگی داهاتوودا دەتوانن بە ئەرکی خۆشیان هەڵبستن، ئاستەنگێکی وایان لەبەردەم نەماوە.
 
رووداو: دوێنێ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ شاندێکی باڵای عێراق لە مەلا قەرە کرا، لەو کۆبوونەوەیەدا قسە لەسەر ئەوە نەکراوە کە پێویستە ئەو بۆشاییە ئەمنییە بە زوویی پڕبکرێتەوە؟
 
فەریق روکن عیسا عوزێر: پلانی دیکە هەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە، تاوەکو ئەوکاتەی لیوای 20 پێکدەهێندرێت، پلانی دیکە ئامادەکراوە کە رەنگبێت لەو کاتەدا گونجاو نەبێت قسەی لەسەر بکەم. خەریکی ئامادەکاریین، پشتیوان بە خودا لە ماوەیەکی نزیکدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق ئەو بۆشاییانە پڕدەکرێنەوە.
 
رووداو: دروستکردنی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە خانەقینەوە تاوەکو شنگال، تاوەکو چەند بوونەتە کارئاسانی بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانە؟
 
فەریق روکن عیسا عوزێر: ئەنجامەکانی دیارە، خێرایی کارەکانی زیاتر کردووە، هاوئاهەنگیی باشتر دەکرێت. لایەنی عێراقی ئامادەیی خۆیان پیشانداوە راستەوخۆ بەهۆی ئەو لیژنانەوە زیاتر لێک نزیک ببینەوە و هاوئاهەنگی بکەین و کۆبوونەوەی بەردەواممان هەبێت. بە دڵنیاییەوە رۆڵی خۆیان هەبووە، ئومێد دەکەین زیاتر پەرەی پێبدەین و میکانیزمی باشتر بدۆزینەوە بۆئەوەی خێرایی کارەکان زیاتر ببێت.
 
رووداو: بەنیاز نین بەمنزیکانە لەگەڵ سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەن؟
 
فەریق روکن عیسا عوزێر: بەرنامەی بۆ داڕێژراوە، رەنگە گونجاو نەبێت ئێستا قسەی لەسەر بکەین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە