قایمقامی خەلیفان: بە بەهای 100 ملیار دینار پڕۆژەمان هەبووە، 70 ملیاری بۆ یەک رێگا بووە

14-07-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای خەلیفان رایدەگەیەنێت، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکە جێبەجێ کراون و کەرتی رێگەوبان پشکی شێری بەرکەوتووە. دەشڵێت، بەهۆی وشکەساڵییەوە بەشێک لە گوندەکانی سنوورەکە بە تانکەر ئاویان پێدەگات.
 
مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان، میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە وردەکاریی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری قەزاکە کرد و گوتی: "لە دوای هێنانەکایەی ئیدارەی سۆران و قەزای خەلیفان گرنگییەکی زۆر بە سێکتەرە جیاوازەکان دراوە، بەڵام زۆرترین سەرنجمان لەسەر کەرتی رێگەوبان بووە، چونکە ژێرخانێکی سەرەکییە. جگە لە پڕۆژە ستراتیژییەکەی رێگەی سپیلک-خەلیفان، شەقامە ناوخۆییەکانی قەزاکە و رێگەی بەشێک لە گوندەکانیشمان نۆژەن کردووەتەوە."
 
بە گوتەی قایمقامی خەلیفان، لە کەرتی ئاودا بە گوژمەی نزیکەی 5 ملیار دینار کار لە 15 پڕۆژەدا دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی. مەغدید عەریف ئەحمەد گوتی: "گرنگترین پڕۆژەمان گەیاندنی تۆڕی ئاوە بۆ 18 گوندی دۆڵی بیاو بە دوو ملیار دینار، کە نیوەی تەواو بووە. هەروەها پڕۆژەی ئاوی گوندەکانی گۆڕەز و کانی کۆلک بە 600 ملیۆن دینار 85%ـی تەواو بووە و چەند پڕۆژەیەکی دیکەش لە گوندەکانی ئالانە، کەڵەکین و گەڕەکی شۆڕش بە یەک ملیار دینار تەواو کراون."
 
ئەو بەرپرسەی ئیدارەی سۆران ئاماژەی بەوەدا سەرەڕای ئەو پرۆژانە، بەڵام هێشتا کێشەی کەمئاویان لە گوندەکان هەیە و دەڵێت: "بەشێک لە گوندەکانمان بە ناچاری بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت، رۆژانە هەر خێزانێک هەزار لیتر ئاوی پێدەدرێت تاوەکو پڕۆژە نوێیەکان بە تەواوی دەکەونە کار."
 
سەبارەت بە گرفتی کارەبا کە هەندێک لە هاونیشتمانیانی دۆڵی بیاو سکاڵایان لێی هەبوو، قایمقامی خەلیفان گوتی: "ئێمە دوو خشتەی کارەبامان هەیە، یەکێک بۆ شار و یەکێک بۆ گوندەکان. راستە ماوەی هەفتەیەکە کێشەیەکی تەکنیکی لە هەردوو خشتەکەدا دروست بووە و لەگەڵ کۆنترۆڵی ناوەندیی هەولێر لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی."
 
یەکێک لە گرنگترین ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کە تاڤگەی گەلی عەلی بەگە دەکەوێتە سنووری خەلیفان، قایمقامی قەزاکە گوتی: "کار بۆ دانانی ماستەرپلانێکی گەشتیاری لەگەڵ گەشتوگوزاری سۆران دەکەی و دیزاینی نوێی تاڤگەی گەلی عەلی بەگ تەواو بووە."
 
لە ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران. لەبارەی دابەشکردنی زەویشەوە، قایمقامی خەلیفان گوتی: "زەوی بۆ فەرمانبەران تەرخان کراوە و نەخشەسازی و رێکارە کارگێڕییەکان تەواو بوون، ئێستا لە ۆناخی کوژاندنەوە و قەرەبووکردنەوەداین."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە