ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر قایمقامی قەزای قوشتەپە هەڵدەبژێرێت

14-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەنگ لەسەر بەربژێر بۆ پۆستی قایمقامی قەزای قوشتەپە دەدات  و تاوەکو ئێستا یەک بەربژێر بەناوی بژار خزر عومەر، بۆ ئەو پۆستە هەیە.
 
بڕیارە کاژێر 9ـی بەیانی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، 16ـی ئابی 2023، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 11ـی خۆی بکات بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی "بژار خزر عومەر" بە قایمقامی قەزای قوشتەپەی سەر بە هەولێر، کە تاکە بەربژێری پۆستەکەیە.
 
بەربژێرەکە بە نووسراوی ژمارە 1114 لە 13-8-2023 لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە پێشنیازکراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی قایمقامی قەزای قوشتەپە.
 
رۆژی دووشەممە، 14-8-2023، عیماد رەفعەت، سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی هەولێر لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "رۆژی چوارشەممە ئەنجوومەن بۆ هەڵبژاردنی ئەو بەربژێرە کۆدەبێتەوە و بەپێی ئەو هاوپەیمانێتییەی پێکهاتەکان لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی هەیانە، ئەو بەربژێرە دەنگ دەهێنێت و دەبێتە قایمقام، بەربژێرەکە پێشتر بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە بووە."
 
رۆژی 19-07-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی هەریەکە لە پیرمام، عەنکاوە و قوشتەپە کرانە قەزا، بڕیاردرا ناحیەی هەریریش بکرێتە قەزا و "بەمزووانەش رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان بۆ تەواوکردنى کاروبارەکان دەستپێدەکەن."
 
رۆژی 22ـی ئایاری 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بەپێی وەزارەتی ناوخۆ ناحیەی قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر کرا بە قەزا.
 
ئەمەی خوارەوە سیڤیی تاکە بەربژێرە بۆ پۆستی قایمقامی قەزای قوشتەپە:
 
- ناوی تەواوی بژار خزر عومەرە
- لەدایکبووی: 3-11-1985
-باری کۆمەڵایەتی: خێزاندار
- خوێندن: بەکالۆریۆس لە یاسا، دبلۆم لە ژمێریاری
- پێشتر فەرمانبەربووە لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و دواتر لە دیوانی پارێزگای هەولێر 
- زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی دەزانێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.