سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک سزادرا

14-08-2025
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم لە پارێزگای کەرکووک لەسەر سکاڵایەکی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە ساڵێک بەندکردن سزا درا.

رۆژی چوارشەممە، 13-08-2025، دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ لە بەغدا سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەر ئەحمەد غەرب، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک دەرکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە تەمەنە و پێشتر سزا نەدراوە، جێبەجێکردنی سزاکەی راگیراوە.
 
ئەحمەد غەرب، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکوک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هۆکاری دەرکردنی ئەم سزایە پەیوەندی بە پۆستێکی ئەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە کە داوای دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردبوو.

 

 
ئەحمەد غەرب ئاماژەی بەوەشکرد، موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە، محەممەد حەلبووسی لە بەربژێرکردن بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دووربخرێتەوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە بڕیارێکی پێشووی دادگەی فیدراڵی.

 

 
بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، سامەڕائی سکاڵایەکی فەرمی پێشکێش بە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردووە و تێیدا داوای دوورخستنەوەی محەممەد ریکان حەلبووسی لە بەربژێربوون بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمان کردووە. سکاڵاکە پشتی بەستووە بە بڕیاری ژمارە (9/فیدراڵی/2023 دادگەی باڵای فیدراڵی، کە بەهۆی پێشێلکردنی دەستوور و لەدەستدانی مەرجەکانی ئەمانەت و دەستپاکی و رەوشتبەرزی، ئەندامێتیی حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە.
 
سامەڕائی دەڵێت: "بڕیارە دادوەرییەکە کۆتاییە و پێویستە جێبەجێ بکرێت، رێگەدان بە خۆبەربژێرکردنی کەسێک کە بە بڕیارێکی دادوەریی کارا دوورخراوەتەوە، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسایە و دەستدرێژییە بۆ سەر دەستوور."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە