ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە: نزیکەی 500 کەس لە لیوا هاوبەشەکان ناویان پەسند نەکراوە

14-09-2023
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، پێداچوونەوە بە ناوی ئەو کەسانەدا کراوە کە بۆ لیوا هاوبەشەکان لە 2021 ناویان گەڕاوەتەوە و نزیکەی 500 کەسی بەهۆی مەرجەکانەوە ناویان پەسند نەکراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 14-09-2023 لیوا روکن بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو ناوانەی کە ئێمە لە 2021 بۆ لیوا هاوبەشەکان پێشکێشمان کردبوو پێویستی بە پێداچوونەوە بوو، بۆ ئەوە لیژنەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێندرا و پێداچوونەوەیان بۆ ناوەکان کردووە. بەگوێرەی ئەو مەرجانە بێت کە دیاریکراوە نزیکەی 500 کەس بە هۆکاری جۆراوجۆر ناوەکانیان پەسند نەکراوە."
 
بە گوتەی بەختیار محەممەد، پشکی کورد لە لیوا هاوبەشەکان نزیکەی 3700ـە لە چوارچێوەی ئەو ژمارەیە هەندێکیان بەهۆی تەمەن، ئامادەنەبوون. دامەزران و، چوونە دەرەوە لادراون. خەڵک هەیە بە خۆی نایەوێت بڕوات، بۆیە دوای پێداچوونەوە بە هەر هۆکارێک بێت بەگوێرەی مەرجەکان ژمارەیەک کەس ناویان پەسەندنەکراوە کە زیاتر نابن لە 500 کەس.
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "هەنگاوی داهاتوو پێویستە لیژنەیەک لە وەزارەتی بەرگریی عێراق  سەردانمان بکات و رێکبکەون لەسەر ناوەکان، چونکە کە ناو دەرکراوە واتە دەبێت ناوی دیکە زیاد بکرێت، بۆیە پێویستە لیژنەیەک لە بەغداوە بێت و رێکبکەوین لەسەر ئەو ناوانەی کە زیاد دەکرێن و ئەوانەی لە رابردوو ناویان دیاریکراوە، واتە کۆنن، بۆئەوەی بزانین چ مامەڵەیەکیان لەگەڵ دەکرێت، کەی مەشقیان پێ دەکرێت و دەستبەکار دەبن."
 
لیوا روکن بەختیار محەممەد سدیق ئاشکرای کرد، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەیەک لە وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی رێککەوتن لەسەر ناوی لیوا هاوبەشەکان، دەستبەکاربوونیان و ئەو میکانیزمانەی کە ماوە سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە بکەن. دەشڵێت، "ئەوەی هیچ کێشەیەکی نییە بەگوێرەی مەرجەکان ناوی پەسند دەکرێت."
 
رۆژی چوارشەممە 23-08-2023 شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ دەستبەکاربوونی لیوای 20ـی هاوبەش کۆبوونەوە. هەمان رۆژ، لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی گوت: "ئەو کەسانەی ناویان هاتووەتەوە لە 2021 ناویان گەڕاوەتەوە واتا کۆنە، بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بە ناوەکانیان بکەین خەڵک هەیە ناوی هاتووەتەوە، بەڵام مردووە یاخود وازی هێناوە بۆیە لیژنە پێکدەهێندرێت و ئەو کەسانە دووبارە دەبیندرێنەوە."
 
بەختیار محەممەد گوتبووشی، دەستبەکاربوونی لیوا هاوبەشەکان هەندێک رێکاری هونەری ماوە و دەبێت سەرەتا فەرمانی دەستبەکاربوونیان دەربچێت "پێشتر لەبارەی دەستبەکاربوونیان هەندێک سستی لە بەغدا هەبوو، بەڵام ئێستا جددین، چونکە بودجەی بۆ دیاریکراوە."
 
مانگی ئابی ساڵی 2021، وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بڵاوبکرێنەوە کە بۆشایی ئەمنین لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و چەکدارانی داعش سوودیان لێوەردەگرن بۆ هێرشکردن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.