کوردستان
ئەو چوار گەریلایەی هەپەگە ناسنامەیانی ئاشکراکردووە. وێنە: ناوەندی راگەیاندن و چاپهمهنیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، ناسنامهی چوار گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ئاشكرا دهكات كه لەمیانی شهڕ و پێكدادان لەگەڵ سوپای تورکیا له خاکی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی هەینی 14ی تشرینی یەکەمی 2022، ناوەندی راگەیاندن و چاپهمهنیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ناسنامەی ئەو گەریلایانەی بڵاوکردەوە کە لە 11ی ئابی 2022 لە ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵدا گیانیان لەدەستدابوو.
ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەیە: رەمەزان باشهان ناسراو بە میرخان راپەڕین ئامەد، لەدایکبووی ئامەد؛ موختار کۆنەپۆشی ناسراو بە فوئاد ئاپۆچی، لەدایکبووی مەریوان (رۆژهەڵاتی کوردستان)؛ ئەمروڵڵا فورات ناسراو بە شیار بۆتان، لەدایکبووی مەرسین؛ دەلیل زەنگین ناسراو بە سەرهەد ئامەد، لەدایکبووی ئامەد.
رۆژی 30ی ئابی 2022، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکیدا گیانلەدەستدانی 16 گەریلای پەکەکە لە ناوچەی زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کراونەتە ئامانجی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان.
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 418 گەریلا و کوژرانی 61 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 116 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 131 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ