رووداو دیجیتاڵ
شایان هوشیار، نووسەر و لێکۆڵینڤانی تورکی - ئازەری خەڵکی شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتوون، شایان هوشیار رۆژی سێشەممە 14-10-2025 بە تۆمەتی بانگەشەکردن دژی دەسەڵات لە ورمێ دەستبەسەر کراوە.
دەستبەسەرکردنی ئەو نووسەر و لێکۆڵینڤانە دوای ئەوە هات، لە رۆژانی رابردوودا بابەتێکی رەخنەگرانەی لەبارەی هەڵسوکەوتی تورکی - ئازەری و دامودەزگا حکومییەکان لەگەڵ کورد بڵاوکردەوە و تێیدا گوتی، "دەمانەوێت هەموو شت بۆ ئێمە بێ و دان بە بوونی تۆزقاڵە مافێکیش بۆ ئەوانی دیکەدا نانێین."
مەسعود شەمسنژاد، پارێزەر و چالاکڤانی کورد لە ورمێ لەبارەی دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکڤانە ئازەرییە گوتی، "دەکرێت شایان هوشیار بە ئیسماعیل بێشیکچیی پارێزگای ورمێ بناسێنین، چونکە لە بەرامبەر شەپۆلی بڵاوکردنەوەی رق و قیندا بەرگری لە مافەکانی کورد و بوونی کورد لە نیشتمانی خۆی کردووە."
ئەو پارێزەرە دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان دەبوو ئەو کەسانەیان دەستبەسەرکردبایە کە لە یاریگەی تۆپی پێی ورمێ بێڕێزییان بە کورد کرد، نەوەک کەسێک کە دژی بێڕێزی و زێدەخوازییەکان وەستاوەتەوە.
دوای یاری نێوان هوور سپۆری ورمێ و مەسجد سولەیمان کە رۆژی هەینی لە ورمێ بەڕێوەچوو و یانەی هوور سپۆر بردییەوە، ژمارەیەک لە ئازەرییەکان دژی ئاهەنگگێڕانی هاندەرانی کوردی یانەی هوور سپۆر دروشمیان دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ