ئەنجامی زانکۆلاین راگەیێندرا؛ ئەم ساڵ زیاتر لە 65 هەزار دەرچووی ئامادەیی وەردەگیرێن

14-10-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی زانکۆلاینی راگەیاند؛ ئەم ساڵ 65 هەزار و 476 دەرچوو وەردەگیرێن؛ وەزیری خوێندنی باڵایش دەڵێت: "سیستمی زانکۆ لاین، سیستمێکی هەرە نایاب و دادپەروەرە."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی 10ی 2025، ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، ئەنجامی زانکۆلاینی راگەیاند و گوتی: "هەوڵمان داوە زۆرترین دەرفەتی خوێندن بۆ قوتابیانی هەرێمی کوردستان بڕەخسێنین؛ جگە لەوەی خەڵک دەڵێن بڕوانامە زۆر بووە و بەهای نەماوە، ئەم گوتەیە وا نییە و مەبەستمانە خەونی منداڵانی کورد بێنینەدی."
 
بە گوتەی ئارام محەممەد، پێشتر ساڵانە دەتوانرا 30 هەزار قوتابی نوێ وەربگیرێت، بەڵام ئێستا زیاتر لە 50 هەزار قوتابی وەردەگیرێن. دەشڵێت، "ئەو 20 - 30 هەزارە دەرفەتیان بۆ دابین نەکرێت، روو لە کوێ بکەن؟ پێویستە لە وڵاتی خۆیان بخوێنن."
 
وەزیری خوێندن باڵا دەڵێت، "کۆمەڵگەیەکی بڕوانامەدار باشترە لە کۆمەڵگەیەک بڕوانامەی نەبێت. خۆزگە جێگرەوەیەک هەبووایە و ئەو ژمارە زۆرەمان وەرنەگرتبا؛ بەڵام ناچارین و پێویستە نەهێڵین منداڵانی کورد پەرشوبڵاو ببنەوە."
 
ئەم ساڵ نزیکەی 100٪ی دەرچووانی ئامادەیی لە زانکۆکان وەرگیراون؛ وەزیری خوێندنی باڵا روونیکردەوە، "نزیکەی 15 هەزار کورسی زیاترمان لە دەرەوەی پلانی وەرگرتن، دابین کردوون. هاوکات کۆنمرەیش لە هەموو زانکۆ و بەشەکان هاتووەتە خوارەوە. بەڵام هەریەکەیان بە شێوەیەک."
 
وەزیری خوێندنی باڵا پەسنی سیستمەکەی کرد و گوتی: "سیستمی زانکۆ لاین، سیستمێکی نایاب و دادپەروەرە. بە هیچ جۆرێک دەستکاری نمرەی هیچ کەسێک نەکراوە و هیچ کەسێک دەستوەردانی نەکردووە؛ تەنیا نمرەی قوتابییەکە حوکم دەکات."
 
لە هەمان کۆنفرانسدا، د. خەتاب شێخانی، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجامی وەرگرتنی قوتابییانی بە داتا راگەیاند و گوتی: "ئەم ساڵ 57 هەزار 980 کەس ئامادەییان تەواو کردووە."
 
سەبارەت بە پلانی وەرگرتنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، د. خەتاب شێخانی روونیکردەوە، "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە بووە کە ئەوانەی داواکاری پێشکێش دەکەن، بتوانین وەریان بگرین. بۆیە 65 هەزار و 476 کورسی بۆ پلانی ئەم ساڵ دابین کراوە. نزیکەی هەزار کورسی زیاترە لە پلانی ساڵی رابردوو."
 
لەبارەی ژمارەی پێشکێشکارانی ئەم ساڵ، وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، 45 هەزار و 717 پێشکێشکار لە دەرچووانی ساڵی 2025ن؛ 8 هەزار و 561 پێشکێشکار دەرچووانی ساڵانی رابردوون. کۆی پێشکێشکارانیش 54 هەزار و 278 دەرچوون.
 
کۆی وەرگیراوانی زانستی و وێژەیی 50 هەزار و 862 قوتابین؛ لەو ژمارەیە 44 هەزار و 339 دەرچووی ئەم ساڵن. هاوکات 6 هەزار و 523 دەرچووی ساڵانی رابردوون.
 
لەبارەی وەرگیراونی زانکۆ و پەیمانگەکان، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، "لە پلانمانە ئەم ساڵیش 100٪یان وەربگرین؛ ئێستا 97٪ـیان وەرگیراون. واتا 03٪ی پێشکێشکاران وەرنەگیراون؛ هەوڵدەدرێت ئەوانەش وەربگیرێن و رێکبخرێن."
 
دوای وەرگیرانی ئەوانەی فۆرمی زانکۆلاینیان بە دروستی پڕکردبووەوە، هێشتا 14 هەزار و 731 کورسی بەتاڵن. د. خەتاب گوتی: "ئەوانیش دەخرێنە خزمەت ئەو کەسانەی کە لە ماوەی دیاریکراودا داواکاری پێشکێش دەکەن."
 
لەبارەی پێشکێشکارانی پیشەییەوە، د. خەتاب شێخانی گوتی: "هەزار و 49 پێشکێشکارن کە 863 قوتابی وەرگیراون و 186یان وەرنەگیراون؛ دەکرێ کورسییە بەتاڵەکان پڕ بکەنەوە. هاوکات ئەنجامی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان رانەگەیێنراوە کە ژمارەیان 570 دەرچووە."
 
لەبارەی ژمارەی دەرچووانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، "هەزار و 368 قوتابین. ئەوانیش ساڵانە 100٪ وەردەگیرێن."
 
ئەوانەی لە ئەنجامی وەرگرتنەکەیان ناڕازین هەفتەیەک کاتیان هەیە بۆ ئەوەی تانە لە ئەنجامی وەرگرتنەکەیان بدەن.
 
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی دەوامی خوێندکارانی قۆناخی یەکەم، د. خەتاب شێخانی گوتی: "لە 26ی 10ی 2025 دەستپێدەکات. ئەوانەی کە ناویان دەرچووە پێویستە بەزووترین کات خۆیان تۆمار بکەن."
 
وەزارەتەکانی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئەم ساڵ رێککەوتوون کە 500 کورسی خوێندن لەنێوان خۆیان بۆ قوتابی و خوێندکارانی یەکدی دابین بکەن؛ کە 100 کورسی بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرایە؛ هاوکات 400 کورسیش بۆ خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکانە. ئێستا 100 کورسییەکەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا پڕکراوەتەوە، تەنیا 400 کورسییەکەی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان ماوە و لەم رۆژانە لینکی تایبەگتی بۆ دەکرێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.