قوباد تاڵەبانی: قایمقام و سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ و دوو بەرپرسی دیکەی ناوچەکە داوای بەخشینیان کردووە

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی بووژانەوەی چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی لافاوەکەوە 1258 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە. قوباد تاڵەبانیش رایگەیاند، قایمقام و سەرۆکی شارەوانی، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ و سەرۆکی شارەوانیی شۆڕش داوای بەخشینیان لە پۆستەکانیان کردووە.
 
رۆژی 7ی کانوونی یەکەمی 2025، شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو. بەهۆیەوە لە بەشێکی باشووری کوردستان و لەنێویاندا قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری، لافاو دروست بوو؛ 5 کەس گیانیان لەدەستدا، 19 کەس بریندار بوون و زیانێکی زۆری مادیشی لێکەوتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 14ی کانوونی یەکەمی 2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لافاوەکەی چەمچەماڵ کارەساتێکی سرووشتی بوو، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا دەکرا هەندێک رێکار بگیرایەتەبەر تاوەکو زیانەکان کەمتر بوونایە. لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەندێک بەرپرسی حکومەتی خۆجێی ئێرە کراوە و پێشنیاز ئاراستەی بەندە کراوە بۆ گرتنەبەری رێکار. پێنج کەس دەستنیشان کراون؛ چواریان هەستیان بە بەرپرسیارێتی کردووە و خۆیان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە."
 
ئەوانەی دوای لێکۆڵینەوەکان خۆیان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە بریتین لە: رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ؛ ئارام نەجات، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ؛ بورهان عەبدوڵڵا، سەرۆکی شارەوانیی شۆڕش و عەبدوڵڵا حەمە کاکەڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ.
 
لێکۆڵینەوە لە هاوتا عەزیز، بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش کراوە. بەڵام وەکو قوباد تاڵەبانی گوتی: "داوای نەکردووە لە پۆستەکەی ببەخشرێت، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەی لیژنەکە دەرکەوتووە کەمتەرخەم بووە؛ هەنگاو دەنرێت بۆ ئەوەی رێکاری بەرامبەر بگیرێتەبەر".
 
عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ رایگەیاند، دوای رووداوەکە بە بڕیاری جێگری سەرۆکوەزیران، کۆمیسیۆنی بووژانەوەی چەمچەماڵ پێکهێنرا. لیژنەکە لە 7 سێکتەر پێکهاتبوو؛ یەکەمیان پاککردنەوە بوو کە 7200 تۆن خۆڵ و خاشاک و لیتە لە چەمچەماڵ و تەکیە فڕێدرا. ناوچەکە بە سێ قۆناخ پاککرایەوە و لە دوو رۆژی داهاتوودا هەموو شەقامەکانی چەمچەماڵ و شۆڕش ئاسایی دەبنەوە.
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی خزمەتگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ گوتی: "دووەم سێکتەر، ئاوی خواردنەوە بوو؛ سێیەم، کارەبا؛ هەروەها پێداویستییەکان و کەلوپەلەکان. لەگەڵ رێکخراوەکان کۆبووینەوە و ژمارەیەک پێداویستیمان دابین کرد، لەوانە: 2950 سەبەتەی خۆراک، 5500 ژەمەخۆراکی گەرم، 45 هەزار مەتر دووجا فەرش، 1714 سۆپا، 2370 پاکێجی پاککەرەوە، 12800 بەتانی، لێفە و سەرین، 6315 سێتی مەتبەخ، 62 هەزار و 100 لیتر نەوت، 750 هەزار لیتر ئاو و 3800 کارتۆن جلوبەرگ."
 
بە گوتەی عەتا محەممەد، زەرەر و زیانەکان هەموویان لەلایەن لیژنەکەوە دەخەمڵێندرێن و ماڵ بە ماڵ سەردانی هەموو شوێنەکان کراوە. باسی لەوەش کرد: "1258 ماڵ زەرەر و زیانیان بەرکەوتووە؛ لیژنەیەکیش خەریکی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکانە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو دیمەنی لافاوەکەی چەمچەماڵ

پارێزگای هەولێر: هەر کەسێک بێ مۆڵەت کەمپەین بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە بکات سزا دەدرێت

پارێزگای هەولێر رێوشوێنی بۆ رێکخستنی کەمپینەکانی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و گەرمیان دەرکرد و رایدەگەیێنێت، هەر کەسێک لەسەر شەقامەکان بە ناوی کۆمەکەوە رێگە لە هاتووچۆ بگرێت، رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.