ئەندام جەبار و سۆلین حەمەدەمین
تەرمی ژنێک لە زێی گەورە لە نزیک قەزای هەریر دۆزراوەتەوە. باوکی ئاڤێستا، ئەو کچەی بەهاری رابردوو لە کەوتە نێو رووباری تەنگاتوور بە رووداوی گوت، "ئەو تەرمە کچەکەی منە".
رۆژی یەکشەممە، 14ی کانوونی یەکەمی 2025، یووسف، باوکی مامۆستا ئاڤێستا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەلایەن شێخ بابۆوە [مەلا مستەفا مەسعود بارزانی] تەلەفۆنم بۆ کرا و گوتی، 'وەرە، تەرمێک دۆزراوەتەوە و کچەکەتە.' ئێستاش وا دەچمە ئەوێ."
ئاڤێستا یوسف، تەمەن 27 ساڵ، رۆژی 5ی نیسانی 2025 لە سنووری قەزای مێرگەسۆر لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتە نێو رووباری تەنگاتوور.
هاوکات، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەپێی بەڵگەکان و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە ئاڤێستایە."
هەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی: "لێکۆڵینەوە بەردەوامە و پشکنین بۆ تەرمەکە دەکرێت، تەرمەکە لەلای زێی گەورە خوار بەنداوی بێخمە لە سنووری قەزای ئاکرێ دۆزراوەتەوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو، دووری ئەو شوێنەی تەرمەکەی لێ دۆزراوەتەوە لەگەڵ ئەو شوێنەی ئاڤێستا یوسف تێیدا کەوتە رووبارەوە، 119 کیلۆمەترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ