رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ شەپۆلی بەفر و بارانبارین لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت، بەڵام پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و مەترسیی دروستبوونی شەختە و تەم هەیە.
رۆژی پێنجشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2026، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی نیمچەهەور و هەتاو دەبێت؛ لە سنووری ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک، دەڤەری رانیە و قەڵادزێ ئەگەری کەمێک بەفربارین هەیە، بەڵام لە سەنتەری هەولێر و دهۆک کەشوهەوا ئاساییە."
سەبارەت بە ناوچەکانی دیکە، ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوە کرد، لەنێوان نیوەڕۆ و ئێوارەی ئەمڕۆدا ئەگەری هەندێک باران لە سنووری کەرکووک، گەرمیان و هەڵەبجە هەیە، لە ناوچە بەرزەکانیش بەفری کەم دەبارێت، بەڵام وەک ئەو دەڵێت: "لە کاتەکانی ئاوابوونی خۆردا، شەپۆلەکە بەگشتی کۆتایی دێت."
محەممەد کەمال هۆشداری لە نزمبوونەوەی پلەی گەرما دەدات و دەڵێت: "لە کاتەکانی شەودا ئەگەری دروستبوونی شەختە، بەستن و تەم هەیە."
دوێنێ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆوە رایگەیاند، دوای نیوەڕۆ ئاسمان بەرەو ساماڵ و پەڵەهەور دەگۆڕێت. مەودای بینینیش لەنێوان 7 بۆ 8 کیلۆمەتر دەبێت.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی بەفر و باران باشووری کوردستانی گرتووەتەوە، بەوهۆیەوە دوێنێ و ئەمڕۆ لە چەندین قەزا و ناحیە پشووی فەرمی لە ناوەندەکانی خوێندن راگەیێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ