وەزیری بەرگریی هۆڵەندا گەیشتە کەرکووک؛ دۆسیەی قوربانییانی حەویجە تاوتوێ دەکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی هۆڵەندا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە کەرکووک و بڕیارە بۆ تاوتوێکردنی پرسی قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی بۆردوومانەکەی ساڵی 2015، سەردانی قەزای حەویجە بکات.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-01-2026، روبن برێکلمانس، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا گەیشتە کەرکووک و لەلایەن رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووکەوە پێشوازی لێکرا.
 
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، تاوتوێکردنی قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی بۆردوومانێکی ساڵی 2015ـی قەزای حەویجەیە، کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتەوە کرابوو.
 
عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک بە رووداوی گوت: "سەردانەکە پەیوەندیی بە بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی هۆڵەنداوە هەیە، کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش حەویجە-یان کردبووە ئامانج و بەهۆیەوە 70 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش برینداربوون."
 
بە گوتەی حەمدانی، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا هاتووە گفتوگۆ لەسەر میکانیزمی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ئەو رووداوە بکات.
 
رەعد ساڵح، نوێنەری عەرەب لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، بۆردوومانەکە گەڕەکی پیشەسازیی حەویجەی بەتەواوی وێران کرد و چەندین خێزان بە هەموو ئەندامەکانیانەوە لەنێوچوون، ئەوە جگە لەو زیانە مادییە گەورەیەی بەر ناوچەکە کەوت.
 
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق بە هەمان مەبەست سەردانی مەیدانیی حەویجەی کردبوو.
 
قەزای حەویجە لە باشووری رۆژئاوای کەرکووک، دوای ساڵی 2014 بووە یەکێک لە پێگە هەرە بەهێزەکانی داعش لە عێراق و ساڵی 2015 لەلایەن هاوپەیمانانەوە کرایە ئامانج؛ دواتر لە ساڵی 2017 لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا کۆنترۆڵکرایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران. وێنە: هەژماری فەرمیی دەروازەکە

بەفر دەروازەی کێلێی داخست و ئاستەنگی هاتووچۆی لە حاجی ئۆمەران و زێت دروستکرد

بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە، هاتووچۆ لە دەروازەی سنووریی کێلێ بە تەواوی وەستاوە. لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و زێتیش ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروستبووە، بەڵام لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل هاتووچۆ ئاساییە.