رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە نووسراوی فەرمی بەرپرسی لێپرسراوی حیزبەکەی گۆڕی و رێباز بێرکۆتی بووە بەرپرسی نوێی مەڵبەندەکە.
بەگوێرەی نووسراوێک، کە واژۆی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لەسەرە، دوێنێ 14ی شوبات دەرکراوە و تێیدا هاتووە، "بڕیارمان دا بە بەخشینی هەڤاڵ (مەجید حەمەئەمین) لە لێپرسراوی مەڵبەندی 3ـی هەولێر و دانانی هەڤاڵ (رێباز حەمەد ئەمین/ رێباز بێرکۆتی) بە لێپرسراوی مەڵبەندی سێ."
کادیرێکی باڵای یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە مەڵبەندی سێی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "د. مەجید لە پێش سەری ساڵەوە خۆی بە فەرمی داوای کردبوو لە پۆستەکەی ببەخشرێت و کەسێکی دیکە لە جێگەی دابنرێت."
دوێنێ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە کاروان گەزنەیی، گوتەبێژی حیزبەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، حیزبەکەیان لەسەر بنەمای "سزا و پاداشت" دەستی بە گۆڕانکاری لە ئۆرگانەکانیدا کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ بارودۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی ئێستا خۆی بگونجێنێت.
گوتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، گۆڕانکارییەکان بۆ دوو ئامانجی سەرەکین؛ "خۆسازدان و نوێبوونەوە و دووبارە رێکخستنەوەی پەیکەری ئۆرگانەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ