ڤیدیۆ.. هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی رووداو لە زنجیرە چیاکانی هیمالایا

15-04-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ڤیدیۆی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی رووداو
ڤیدیۆی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شاخەوانێکی کورد ئاڵای کوردستان و لۆگۆی رووداو دەباتە سەر زنجیرە چیاکانی هیمالایا و لە بەرزی چوار هەزار و 700 مەترەوە هەڵیان دەکات، ئامانجەکەیشی گەیشتنە بە بەرزترین لووتکەی جیهان. 
 
رەنج عومەر، ناوی ئەو شاخەوانە کوردەیە. لە كاتی سەركەوتن بەسەر زنجیرە چیاكانی ھیمالایا لە بەرزی 4700 مترەوە ئاڵاكانی ھەڵكردووە. ئەو لووتكە بەرزەی لە ڤیدیۆکەدا لە پشتییەوە دەردەکەوێت لووتکەی ئێڤرێستە کە هەشت هەزار و 848 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە.
 
ئەو ئاڵای کوردستانەی کە شاخەوانە کوردەکە بەرزی کردووەتەوە لە ساڵی 2019 لە سەرۆک مەسعود بارزانی وەرگرتووە. هەروەها لۆگۆی رووداوی هەڵکردووە کە تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی دەکات.
 
رەنج عومەر بە پشتیوانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەشتەکەی بۆ زنجیرە چیاکانی هیمالایا ئەنجامداوە و دەیەوێت بگاتە سەر لووتکە چیای ئێڤرێست.
 
رەنج عومەر گەنجێکی کوردە و لە ساڵی 2017 زیاتر لە 650 کیلۆمەتری بڕی و بەپێ چووە پارێزگاکانی هەولێر، کەرکووک، سلێمانی و دهۆک. پێشتر بە رووداوی گوت، هەر لەو گەشتەیدا بیرۆکەی سەرکەوتن بەسەر چیای ئێڤرێستی بۆ دروستبوو تاوەکو ناو و ئاڵای کوردستان بگەیێنێتە سەر لووتکەکەی.
 
رەنج عومەر دەڵێت، دوای گەڕانێکی زۆر بۆی دەرکەوتووە کە ئەگەر بچێتە سەر لووتکەکە، دەبێتە یەکەم کورد، بۆیە بێ دوودڵی ئەو بڕیارەی داوە و ئێستا قۆناخێکی باشی گەشتەکەی بڕیوە. 
 
ئەو شاخەوانە کوردە ئەوەشی گوت کە کاتێک لە ساڵی 2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بینیوە، "زۆر بە گەرمی پێشوازی لە پرۆژەکەم کرد و پاڵپشتیی ماددی و مەعنەویی ئەم پرۆژەیەی کرد، زۆریشی پێخۆش بوو کە گەنجی کورد خاوەنی خەونی گەورەیە و ئیرادەی بەهێزە."
 
گەشتەکەی ئەو گەنجە کوردە دوای ئەو کۆبوونەوەیەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ نیپاڵ دەستیپێکرد کە زنجیرە چیاکانی هیمالایای لێیە و ئێڤرێست بەرزترین لووتکەی چیاکەیە. رەنج دەڵێت، "لەگەڵ گەیشتنمان حکومەتی نیپاڵ پێشوازی لێکردین، بە کولتووری خۆیان و بە ئاڵای کوردستان و نیپاڵەوە."
 
رەنج عومەر تەمەنی 35 ساڵانە. لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و نیشتەجێی دهۆکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە