رووداو دیجیتاڵ
جووتیارێکی کورد لە سنووری حەفتەغار کە خاوەنی دوو هەزار و 300 دۆنم زەوییە و دەڵێت، ئەم ساڵ رێگەی پێنەدراوە زەوییەکەی بکێڵێت و لە بری ئەو، "عەرەبی هاوردە" بە پاڵپشتی سوپای عێراق زەوییەکەیان کێڵاوە و دەستیان بەسەردا گرتووە.
ئەو جووتیارە دەشڵێت، سوپای عێراق هەڕەشەی لێکردووە لە زەوییەکەی نزیک نەکەوێتەوە، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی هەموو بەڵگەنامە و تاپۆیەکی پێویستە.
عومەر محەممەد، ئەو جووتیارەیە و خەڵکی گوندی فەریقە لە سنووری حەفتەغار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوو هەزار و 300 دۆنم زەویم کێشەی لەسەرە. ساڵی رابردوو رێگریمان کرد لەوەی هەزار دۆنمی بکێڵن، بەڵام ئەم ساڵ بە پاڵپشتی سوپا هەموویان کێڵا."
جووتیارەکە باس لەوە دەکات: "ئێستا سوپای عێراق هەڕەشەی لێکردووم ئەگەر نزیکی زەوییەکان بکەومەوە، من هێندەی پارێزەرێک نووسراو، تاپۆ و رێگەپێدانم پێیە، بەڵام کاری پێناکرێت. ئەگەر لیژنەکە بێتە ئێرە، هەموو بەڵگەیەکیان پێدەدەین کە ئێمە خاوەنی ئەم زەوییانەین و لە باوک و باپیرمانەوە بۆمان ماوەتەوە."
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی دروێنە، عومەر محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، "عەرەبی هاوردە" بە پاڵپشتی سوپای عێراق و بە پشت بەستن بە گرێبەستێکی 50 ساڵ لەمەوبەر، دەستیان بە دروێنەکردنی ئەو زەوییانە کردووە کە تاپۆی رەشیان بەناوی کوردەوەیە.
لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی نووسراوێک کە رۆژی 8ـی ئەم مانگە دەرچووە و کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئەمینداریێتی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریداوە لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان پێکبهێنرێت. نووسراوەکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بەزووترین کات نوێنەری خۆیان بۆ لیژنەکە دیاری بکەن.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەبارەی پێکهاتەی لیژنەکەوە بە رووداوی راگەیاند: "ئەو لیژنەیەی کە پێکهاتووە لە وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی داد، بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری خانووبەرە و پارێزگاری کەرکووک، دەبێت نوێنەری خۆیان بنێرن تاوەکو بە زووترین کات بڕیاری ژمارە سێی ساڵی 2025ـی پەرلەمانی عێراق بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی شۆڕشی هەڵوەشاوەی بەعس."
نووسراوەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گەیشتووەتە پارێزگای کەرکووک و بڕیارە هەفتەی داهاتوو یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکە لە کەرکووک ئەنجام بدرێت بۆ تاوتوێکردنی شێوازی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی پرۆژەیاسای ژمارە 3ی ساڵی 2025.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، لەوبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە قۆناغ چارەسەری کێشەکان دەکەین بەبێ ئەوەی کێشە و گرفت بۆ هیچ لایەنێک دروست ببێت. جووتیارانی خۆمانم بینیوە و پێم گوتوون ئێوە متمانەتان بە برای خۆتان هەبێت تاوەکو ئەم کێشەیە وردە وردە چارەسەر دەکرێت و ئێمە نزیکین لە چارەسەرکردنی تەواوی ئەو کێشانە."
ئەم یاسایە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی ئەو موڵک و ماڵانەی کە بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی پێشووی بەعس دەستیان بەسەردا گیرابوو. چاوەڕوان دەکرێت جێبەجێکردنی یاساکە کێشەی نزیکەی 300 هەزار دۆنم زەوی کورد و تورکمان لە کەرکووک یەکلایی بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ