رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکانی هەولێر رایدەگەیێنێت کە لەسەر رێکخستنی ماتۆڕەکانی گەیاندن چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە و ژمارەی ماتۆڕەکانی گەیاندن بۆ چێشتخانەکان دیاری دەکەن، چونکە لە شەقامەکاندا زۆر بوون.
ئێستا بەهۆی زیادبوونی خواردنگە و فرۆشگە ئۆنلاینەکانەوە ماتۆڕەکانی گەیاندن (دیلیڤەری) لە شارەکاندا، بە تایبەت هەولێر، لەسەر شەقامەکاندا زیاد بوون. ئەوەیش بووەتە هۆی زیادبوونی جەنجاڵیی هاتووچۆ. هەروەها بەشێک لە رووداوەکانی هاتووچۆیش ئەو ماتۆڕسوارانەی گەیاندنەکانن.
زیرەک بیا، سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەولێر، کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لەسەر رێکخستنی ماتۆڕەکانی گەیاندن چەند کۆبوونەوەیەکمان کرد. داوامان لە چێشتخانەکان کرد کە بێن بڕوانامە بۆ ماتۆڕەکانیان دەربهێنن بۆ ئەوەی تابلۆیەکی تایبەتیان بۆ بکرێت کە ناوی کەسەکە و چێشتخانەکەیشی لەسەر بێت. تاوەکو ئێستا ئەو کارەیش تەواو نەبووە، چونکە چێشتخانەکان زۆرن. ژمارەی ماتۆڕەکانی گەیاندن بۆ چێشتخانەکان دیاری دەکەین، چونکە لە شەقامەکاندا زۆر بوون. ئێمە بەپێی چۆنیەتیی چێشتخانەکان ژمارەکە دیاری دەکەین."
ماتۆڕەکانی گەیاندن کە لە چێشتخانەکان کار دەکەن زۆر جار بەهۆی جەنجاڵیی هاتووچۆ و دووریی رێگەوە خواردنەکە لە کاتی گونجاودا ناگەیێننە دەستی داواکار کە ئەوەیش ئەگەری خراپبوونی خواردنەکەی هەیە.
د. دارا محەممەد، پسپۆڕی شیکاری کوالێتیی خۆراک گوتی: "ئەو کەسانەی خواردن بۆ گەیاندن ئامادە دەکەن و دەیگوازنەوە دەبێت لەسەر بنەماکانی دروستیی خۆراک مەشق و راهێنانیان پێبکرێت. ئەو خواردنانەی لە هەرێمی کوردستاندا بە داواکاری دەگەیێندرێن کەمتر مەرجی تەندروستیی گواستنەوەی خۆراکیان تێدایە. نابێت خواردنی گەرم و چەور لەنێو پلاستیکدا هەڵبگیردرێت."
لە هەرێمی کوردستاندا ماتۆڕەکان زیاد بوون و باس لەوە دەکرێت کە لە دەروازەکانەوە بەشێوەی قاچاخ و بە پارچە دەهێنرێنە ناوەوە کە ئەوەیش وایکردووە نرخیان هەرزان بێت.
کاروان محەممەد سدیق، موقەدەم و گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت، "ئێستاکە بەپێی یاسا دوایین مۆدێلی ماتۆڕ تۆمار دەکرێت؛ ئەوانەی بە شێوازی فەرمی لە دەروازە سنوورییەکانەوە دێنە ناوەوە. بە داخەوە بەشێکی زۆری ماتۆڕسوارەکان کەلوپەلی خۆپارێزی بەکارناهێنن و زۆربەیشیان مۆڵەتی شۆفێرییان نییە و ماتۆڕەکانیشیان تۆمارکراو نین و تابلۆیان نییە. دەبێت چێشتخانەکان ئەو ماتۆڕانە بکڕن کە بە شێوازی فەرمی هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە و ئەو کەسانەیش بکەنە شۆفێریان کە مۆڵەتی ماتۆڕسوارییان هەیە."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە دا، ئێستا کێشەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ ئەوەیە کە ماتۆڕ بە شێوەی پارچە لە دەروازە سنوورییەکانەوە دێتە ناوەوە و لە دووکانەکاندا هەڵدەبەسترێتەوە و بەبێ هیچ سەرەتایەک و وەک پاسکیل دەفرۆشرێت. بەشێکی زۆری دوکاندار و چێشتخانەکانیش ماتۆڕی بێسەرەتا دەکڕن و زۆربەی شۆفێرەکانیشیان مۆڵەتیان نییە و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت کە رێکارەکان تووندتر بکرێنەوە.
کاروان محەممەد سدیق گوتیشی: "ساڵانی پێشوو تێچووی تۆمارکردنی ماتۆڕ 10 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بەپێی بڕیاری ژمارە 79ی ساڵی 2016 کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە، تێچووی تۆماری ماتۆڕ کرایە 500 هەزار دینار. کاتێک 10 هەزار دینار بوو خەڵك بەپێی پێویست نەدەهات تۆماری بکات، ئێستا کە کراوەتە 500 هەزار دینار، ئەو دەچێت ماتۆڕێک بە 500 هەزار دینار دەکڕێت و نایەت لای بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ ئەو پارەیە بدات."
بەپێی یاسا ماتۆڕ ئەگەر تابلۆی نەبێت، دەستی بەسەردا دەگیردرێت و بە هیچ شێوەیەک بۆ خاوەنەکەی ناگەڕێنرێتەوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی گوتی: "ساڵانە دەست بەسەر 1000 بۆ 2000 هەزار ماتۆڕدا دەگرین. پاشان ماتۆڕەکان دەشکێنرێن و لەناو دەبرێن."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان 13٪ رووداوەکانی هاتووچۆ ماتۆڕسکیلیان تێدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ