رووداو دیجیتاڵ
دەنگۆی هاتنی ژمارەیەک هاونیشتمانیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان وەکو پەنابەر بۆ هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە رەتیدەکەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی حوزەیران، بەرپرسێکی باڵا لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ پەنابەرێک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی شەڕەوە نەهاتوونەتە سنووری پارێزگاکەمان."
سێ رۆژە شەڕ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل هەیە، ئیسرائیل بە دەیان مووشەک سنووری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان بۆردوومان کردووە کە هاوسنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجەن.
هەر ئەمڕۆ بابا رەسووڵ غەفوور، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کەسێک لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەکو پەنابەر نەهاتووەتە سنوورەکەمان."
لە وەڵامی ئەوەی ئەگەر لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاونیشتمانییان بێنە هەرێمی کوردستان وەکو پەنابەر، دەرگایان بۆ دەکرێتەوە، بابا رەسووڵ غەفوور گوتی، "ئەوە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی پێویستە کە دەربکرێت و گشتاندنی بۆ بکرێت، ئەوەش تاوەکو ئێستا دەرنەکراوە."
لەبارەی هەڵەبجەشەوە، سمکۆ سالار، قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا هیچ هاونیشتمانییەک لە رۆژهەڵاتەوە نەهاتووەتە سنوورەکەمان و ئاوارەبووبێت و وەکو پەنابەر تۆمار بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ