جووتیارێکی زاخۆیی لەسەر رووبەری 45 دۆنم زەوی 12 هەزار نەمام فستقی سێرت دەچێنێت

15-07-2022
یوسف موسا
جووتیارێکی زاخۆیی لەسەر رووبەری 45 دۆنم زەوی 12 هەزار نەمام فستقی سێرت دەچێنێت
جووتیارێکی زاخۆیی لەسەر رووبەری 45 دۆنم زەوی 12 هەزار نەمام فستقی سێرت دەچێنێت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی کەرن لە سنووری زاخۆ، ساڵی رابردوو جووتیارێک 12 هەزار نەمامی فستقی سێرتی لەسەر رووبەری 45 دۆنم زەوی چاند، هەر ئەو کات موتوربەشی کردن، بەپێی قسەی خۆی، 70٪ـی موتوربەکانی سەرکەوتووبوون، ئەوەش سەرنجی یەکێتیی جووتیارانی فستقی سێرتی بەلایخۆیدا راکێشا و بۆ ئەو مەبەستە چوونە لای جووتیارەکە.
 
شوعەیب ئاسڵان، سەرۆکی یەکێتیی جووتیارانی فستقی سێرت بە رووداوی گوت: "ئێمە هاتووینەتە ئێرە شتێک بەرهەم بهێنین کە لە ساڵی خۆی موتوربە بکرێت، لە تورکیا شتی وام نەبینیوە، بەڕاستی ئەمە زۆر خێرا گەشە دەکات، بۆ باشکردنی ئابووریی خۆمان، هاتووین لێرە بمێنین."
 
بەگوێرەی یەکێتیی جووتیارانی فستقی سێرت، 24 هەزار جووتیار لە تورکیا و باکووری کوردستان 500 هەزار دۆنم زەوییان کردووەتە فستق. محەممەد موراد، خاوەنی پڕۆژەکەی فستقە و ئەو بیرۆکەیەی لە تورکیاوە گواستووەتەوە و دەیەوێت لە زاخۆ ئەو بەرهەمە تاقیبکاتەوە.
 
محەممەد موراد دەڵێت: "چوومە سێرت و عەنتاب و ئەو بیرۆکەیەم بۆ هات کە پڕۆژەیەکی لەوشێوەیە بکەم، زەوییەکی ئاوام ئامادەکرد و بڕیارمدا فستق بچێنم، نزیکەی مەتر و نیوێک زەوییەکەم کۆڵی و بە پەین و بەرهەمەکەم چاند، سوپاس بۆ خوا تێیدا سەرکەوتووبووین."
 
ئەو جووتیارانەی کە فستقی سێرت بەرهەمدەهێنن، پێویستە سێ ساڵ چاودێریی بکەن تاوەکو بەرهەمەکەیان پێدەگات.
 
نەعمۆ عەلی، جووتیار و شۆفێری تراکتۆر باسی لەوە کرد: "هەندێک گیا دەڕوێت کە دارەکە لاواز دەکات، بۆیە زەوییەکە دەکێڵین بۆ ئەوەی دارەکان گەشە بکەن، بەهۆی ئەوەی کە کەشوهەوا گەرمە، کاژێر 07:00ـی بەیانی تاوەکو 11:00ـی پێش نیوەڕۆ کار دەکەین، ئێوارانیش کاژێر 14:00 تاوەکو 17:00 کار دەکەین."
 
غانم قاسم، کرێکارە لە پڕۆژەکە و گوتی: "10 رۆژ جارێک ئاوی دەدەین، دوای ئەوە گیای دەورووبەری دارەکان لێدەکەینەوە و ئەو دارانەی کە پێویستیان بە رێککردن بێت، رێکی دەخەینەوە."
 
ئەو پڕۆژەیەی فستق لە زاخۆ، 150 هەزار دۆلاری تێدا خەرج کراوە، ئەوەش لە کڕینی شتڵ و کرێکار و خەرجییەکانی دیکە، بەگوێرەی پێشبینییەکانی سەرپەرشیارانی پڕۆژەکە، ئەگەر بەبێ کێشە بگاتە کاتی بەرهەم، ساڵانە 50 تۆن بەرهەمی دەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە