بەڕێوەبەری ناحیەی خانکێ: پێویستمان بە کۆمەڵێک فەرمانگەی میرییە

15-08-2022
هیدایەت جان
 گفتوگۆی رووداو لەگەڵ شێردل سمۆ جوقی، بەڕێوەبەری ناحیەی خانکێ
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ شێردل سمۆ جوقی، بەڕێوەبەری ناحیەی خانکێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناحیە بوونی کۆمەڵگەی خانکێی لە سنووری قەزای سێمێل راگەیاند و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، "بۆ ئەوەی سیمای ناحیە بە خانکێوە دیاربێت، پێویستمان بە کۆمەڵێک فەرمانگەی میرییە." 
 
رۆژی دووشەممە 15-8-2022، شێردل سمۆ جوقی، بەڕێوەبەری ناحیەی خانکێ میوانی بوولتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێسکێشی دەکات و رایگەیاند، "ساڵی 1985 کۆمەڵگەی خانکێ لە چەند گوندێک پێکهات، لەگەڵ بەنداوی موسڵ گەورەکرا و چەند گوندێکی ژێرئاو کەوتن، دانیشتووانی ئەو گوندانە هاتنە ناو کۆمەڵگەی خانکێ و هەروەها ساڵی 1988 کە ئەنفالی گوند و ناوچەکان دەستیپێکرد، خەڵکێکی زیاتر روویان تێکرد و بوو بە کۆمەڵگەیەکی بەرفراوان." 
 
شێردل سمۆ جوقی گوتی، "رێژەی دانیشتووانی کۆمەڵگەی خانکێ رووی لە هەڵکشان کرد و پێویستی بە خزمەتگوزاری بوو، بۆیە حکومەت بریاریدا بەڕێوەبەرایەتییەکی لێ دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان جێبەجێبکات و بە فەرمی کۆمەڵگەی خانکێ کرا بە ناحیە." 
 
بەڕێوەبەری ناحیەی خانکێ دەڵێ: "ئێستا چەند فەرمانگەیەکی میری وەک سەرۆکایەتی شارەوانی و بنکەی پۆلیس و تەندروستی و جێگری ئاسایش لە ناحیەی خانکێ هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی بە تەواوەتی سیمای ناحیەی پێوە دیاربێت، پێویستی بە کۆمەڵێک فەرمانگەی دیکەی خزمەتگوزاری وەک فەرمانگەی ئاو و کارەبا و بەرگریی شارستانی و چەندین فەرمانگەی دیکە هەیە و ئێستاش کار بۆ کردنەوەی ئەو فەرمانگانە دەکەین لە ناحیەکەمان." 
 
بە گوتەی شێردل سمۆ، "تاوەکو ماوەیەک لەمەوبەریش دانیشتووانی ناحیەی خانکێ بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان گرێدراوی قایمقامیەتی قەزای سێمێل بوون و سەرجەم مامەڵەکانیان دەبردە ئەو قەزایە کە ئەوەش بارگرانی بۆ خەڵک و قایمقامیەتیش دروستدەکرد، بەڵام ئێستا مامەڵەکانیان گوازراوەتەوە بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی خانکێ و سەرجەم مامەڵەکانیان لای خۆمان بۆ رایی دەکەین." 
 
ناحیەی خانکێ سرووشتێکی لەباری هەیە بۆ ئەوەی لە رووی گەشتیارییەوە وەبەرهێنانی تیادا بکرێت و وەک بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێ: "بوونی بەنداو لە نزیک ناحیەی خانکێ و جوانی سروشتەکەی وایکردووە ناحیەکەمان لەباربێت بۆ ئەوەی پڕۆژەی گەشتیاری لێ دروستبکرێت، ئێمە بە هاوکاری لەگەڵ قایمقامیەتی سێمێل و خەڵکی ناحیەکە کارئاسانی دەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەی گەشتیاری لە ناحیەکەمان دروستبکرێت، ئەوەش هەلیکار بۆ دانیشتووانی خانکێ دەڕەخسێنێت." 
 
شێردل سمۆ پێیوایە، "ناحیەی خانکێ نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانی پێکهاتە و ئایینەکانە و نزیکەی 15 گوندی ئێزدی و مەسیحی و مسوڵمانی لێیە، رێژەی دانیشتووانی بە سەنتەری ناحیەکەوە نزیکەی 35 بۆ 40 هەزار کەسە." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە