لە هەفتەیەکدا زەوى و ژمارەى ئەو فەرمانبەرانە دیاری دەکرێت کە شایستەى زەوى وەرگرتنن

09-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
   
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان یەک هەفتە بۆ شارەوانییەکان دیاری دەکات بۆ ئەوەى ژمارەى ئەو فەرمانبەرانەیان پێبدەن کە شایستەى وەگرتنى زەوین و شوێنى ئەو زەوییانەش دیاری بکەن کە پێیان دەدرێت.
 
ئەو هەنگاوە لە دووەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى شارەوانى بوو لەگەڵ ساسان عەونى، وەزیرى شاەروانى و گەشتوگوزار. کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ى ئایار، بۆ تاوتوێکردنى دابەشکردنى زەوى بەسەر فەرمانبەران کرا.
 
کۆبوونەوەکە بە بەشداری راوێژكاران، بەڕێوەبەرانی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و یاسا لە وەزارەت، بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان، سەرۆكی شارەوانییەكان، بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بوو.
 
بە گوێرەى راگەیێندراوى وەزارەتى شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی داوای لێكردوون تاوەکو هەفتەی داهاتوو سەرجەم شارەوانییەكان راپۆرتێكی "تەواو و تێروتەسەل" ئامادە بكەن و تێیدا ژمارەی فەرمانبەران و شوێنی دابینكردنی زەوی لەسەر نەخشە دیاری بكرێت.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە 27ى ئادارى 2024  بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەند نەبوون.
 
وەزارەتى شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر زەوی لە سنووری ماستەرپلاندا بەردەست نەبوو، پێویستە ماستەرپلانی شارەوانییەکان فراوان بکەن و زەوی دابین بکەن. بۆ ئەوەی "زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەویدا سوودمەند ببن"
 
یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى شارەوانى لە 2ى شوباتی2024 کرا بۆ تاوتوێکردنى چۆنێتى جێبەجێکردنى زەوى بەسەر فەرمانبەراندا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە