رووداو دیجیتاڵ
دوای ململانێی لەگەڵ نەخۆشی، موزەفەر کامگار، میوزیکژەنی دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری سنە کۆچی دواییکرد.
ئەمڕۆ هەینی یەحیا سەمەدی، بەرپرسی کۆڕی رێزلێنان لە هونەرمەندانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مامۆستا موزەفەر کامگار، دوای مانەوەی بۆ زیاتر لە دوو هەفتە لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە، دوێنێ پێنجشەممە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ بەهۆی نەخۆشیی گەدەوە لە تەمەنی 82 ساڵیدا کۆچی دواییکرد."
یەحیا سەمەدی گوتیشی، "تەرمی هونەرمەند موزەفەر کامگار بەیانیی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەشێکی زۆری هونەرمەندان و کەسایەتییە دیارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدی لە بەشی تایبەتی هونەرمەندان بەخاکسپێردرا."
موزەفەر کامگار ساڵی 1943 لە گەڕەکی چوارباخی شاری سنە لەدایکبوو، میوزیکژەنێکی دیاری کوردستان بوو، شارەزایی لە ژەنینی چەندین جۆر ئامێری میوزیک هەبوو و رێکخەری تیپی میوزیکیی ئەرغەنوون بوو.
موزەفەر کامگار لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تاران، هەرێمی کوردستان بەشداری لە چەندین کۆنسێرت کرد و میوزیکی بۆ ژمارەیەک هونەرمەندی دیاری کوردستان ژەنیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ