براوەی کۆتای کوردانی فەیلی بۆ رووداو: پڕۆژەکەم زیادکردنی کورسی و یەکڕیزیی کورد دەبێت

15-11-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حەیدەر عەلی، ناسراو بە "ئەبوو تارە" و براوەی کورسیی کۆتای کوردانی فەیلی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پڕۆژەی کارکردنی خۆی لە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ تۆڕی میدیایی رووداو خستەڕوو.
 
حەیدەر عەلی، بەربژێری کوردانی فەیلی کە بە گوتەی خۆی، سەرۆک مەسعود بارزانی بەڵێنی پشتگیریی پێدابوو، توانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کورسییەک مسۆگەر بکات. "ئەبوو تارە" دانیشتووی بەغدایە و ئەندامی لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
 
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو راگەیێندران، حەیدەر عەلی 17,174 دەنگی بەدەستهێناوە. "ئەبو تارە" یەکێک بوو لەو 9 بەربژێرەی کە کێبڕکێیان لەسەر کورسیی کۆتای کوردە فەیلییەکان دەکرد.
 
رۆژی شەممە، 15-11-2025، حەیدەر عەلی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەم بۆ پشتگیریکردنی لە کورسیی کۆتای کوردانی فەیلی." بە گوتەی ئەو، "پشتیوانییە مەعنەوییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ کەسی حەیدەر عەلی نەبوو، بەڵکو رێزگرتن بوو لە خەبات و قوربانییەکانی کوردانی فەیلی بە درێژایی ساڵان."
 
سەبارەت بە پڕۆژەی کارکردنی لە پەرلەمانی عێراق، حەیدەر عەلی روونیکردەوە: "پڕۆژەکەم کارکردن دەبێت لەناو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا. کار دەکەم بۆ زیادکردنی کورسیی کوردانی فەیلی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، یەکخستنی ریزی کورد لە بەغدا و ناوەڕاست و باشوور، هەروەها لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا دەبین کە سەرۆک مەسعود بارزانی پێی سپاردووین."
 
هەروەها گوتیشی: "کار لەسەر ئەو دۆسیانەی کوردانی فەیلی دەکەین کە هێشتا لە فەرمانگە و وەزارەتەکان ماونەتەوە. هەروەها کار لەسەر دۆسیەی قەرەبووکردنەوەیان و بڕیارەکانی دادگەی باڵای تاوانەکان تایبەت بەوان و قوربانییانی رژێمی پێشوو دەکەین. جگە لەوە، کار بۆ دۆزینەوەی رووفاتی کوردانی فەیلی، دابینکردنی نوێنەریان لە فەرمانگە و وەزارەتەکان، دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجانیان و زیادکردنی پشکیان لە نێردە خوێندنییەکان و نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیدا دەکەین.
"
حەیدەر عەلی ئاماژەی بەوە کرد کە کار لەسەر "تێگەیشتنە سیاسییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەن، کە بریتییە لە هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان."
 
ئەم جارە عێراق یەک بازنەی هەڵبژاردن بوو بۆ کوردانی فەیلی، بەشێوەیەک کە دەنگدەران دەیانتوانی لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بەربژێرەکەیان هەڵبژێرن، بە پێچەوانەی خولەکانی پێشوو کە بازنەکە تەنیا لە پارێزگای واست سنووردار بوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووکاری فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک.

فۆرمی خۆراک کاراکرایەوە؛ 'بۆ تۆمارکردنی هەر ناوێک دەبێت شەش هەزار بدرێت'

فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک بۆ ئەو کەسانەی بەهەر هۆکارێک ناویان تۆمارنەکردووە و بەشەخۆراکیان بڕدراوە، کارا کرایەوە. بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی دەڵێ، هەر زیادکردنێکی ناو شەش هەزار دیناری پێویستە.