رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، ئیدانەی هێرشەکانی سەر هەولێر دەکەن و، بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ناوی دەبەن.
هێرشەکانی سەر هەولێر کاردانەوەی بەرپرس و لایەنە سیاسییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا؛ رۆژی سێشەممە، 16-01-2024 کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا باس لەوە دەکات، "هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەدەست دەیان قەیران و کێشەوە دەناڵێنن لە نەبوونی مووچە و خزمەتگوزاری و بۆشایی یاسایی، بەرگەی قەیرانی دیکە ناگرن."
هێرشەکەی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر هەولێر بە 10 مووشەک بوو، کە نیوەیان بە ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر کەوتن، بەهۆیەوە پێشڕەو و کچێکی کە هێشتا تەمەنی نەبووەتە یەک ساڵ گیانیان لەدەستدا، جگە لەوان هاوڕێیەکی بەناوی کەرەم میخائیل، خاوەنی کۆمپانیای ئەلڕەیان بۆ هاوردەکردنی ئامێری کارەبایی لە عێراق، گیانی لەدەستدا.
شەوی هێرشەکە، لەنێو ماڵی پێشڕەو دزەییدا بەبۆنەی گەڕانەوەی منداڵەکانی لە ئەمریکا، ئاهەنگی خێزانی هەبووە، بۆیە مووشەکەکان جگە لە کوشتنی ئەو سێ کەسە، بوونە هۆی برینداربوونی 17 کەسی دیکە، کە لە ئەندامانی خێزان، بنەماڵە و پاسەوان و خزمەتگوزارەکانی پێشڕەو دزەیی پێکدێن.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیاندا ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری باس لەوە دەکات، "هیوادارین بەرپرسانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی پێویست بگرنەبەر و رێگەنەدەن هەرێمی کوردستان ببێتە مەیدانی یەکلایی کردنەوەی کێشە و ململانێی نێوان دەوڵەتان."
دەقی راگەیێندراوی کۆمەڵی دادگەری لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر:
راگەیەندراوێک لە کۆمەڵی دادگەرییەوە
بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
نیوەشەوی رابردوو بە مووشەک بۆردوومانی چەند شوێنێک لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و دەوروبەری کرا لەلایەن سوپای پاسدارانی ئیرانەوە، بەداخەوە بۆردومانەکان قوربانی لێکەوتوەتەوە .
ئەمە یەکەم جارنییە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەر پەلاماری دەوڵەتانی دراوسێ، بێگومان ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە.
ئێمە لەکۆمەڵی دادگەری ئیدانەی هەر هێرش و پەلامارێک دەکەین کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان.
هاوڵاتییانی ئەم هەرێمە بەدەست دەیان قەیران و کێشەوە دەناڵێنن لە نەبوونی مووچە و کەمیی خزمەتگوزاری و بۆشایی یاسایی، بەرگەی قەیرانی تر ناگرن.
هیوادارین بەرپرسانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی پێویست بگرنەبەر و رێگەنەدەن هەرێمی کوردستان ببێتە مەیدانی یەکلایی کردنەوەی کێشە و ململانێی نێوان دەوڵەتان.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
ئەنجومەنی باڵا
16-01-2024
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ