مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر: بە تووندی ئەم تاوانە شەرمەزار دەکەم

16-01-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر شاری هەولێر لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەکات و دەڵێت، "داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەم هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلکاریەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان."

 

بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "جارێکی دیکە هەولێری سەربەرز کرایەوە ئامانجی هێرشی موشەکیی سوپای پاسدارانی ئێران. بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشە بێ پاساوە، شەهید و برینداری سڤیل هەیە. "
 
کاژێر 11:30ی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە مووشەک هێرشکرایە سەر شاری هەولێر، دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بە توندی ئەم تاوانە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان شەرمەزار دەکەم. داواش لە حکومەتی فیدراڵی دەکەم هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلکاریەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان."

 

 
لە پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم لەسەر ئەو ستەمکاریەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت بێنە دەنگ. لە رۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لە پێناو کۆتایی هێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان." 
 
ئاژانسی تەنسیمی سەر بە سوپای پاسداران دەڵێت، بە گوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانیان لە عێراق هەشت شوێن لە دەوروبەری کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کراونەتە ئامانج.
 
یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج، ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی گرووپی فالکۆن بوو، کە لە هێرشەکەدا لەگەڵ کچە بچووکەکەی گیانیان لەدەستدا.
 
پێشتر سوپای پاسداران لەبارەی هێرشکەوە رایگەیاند، "ناوەندێکی سیخوڕیکردن و کۆکردنەوەی زانیاریمان لە دژی ئێران" لە نزیک هەولێر کردووەتە ئامانج. بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئەو تۆمەتەی ئێرانی رەتکردەوە. 
 
شەوی سێشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "کاتژمێر 11:30ی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."
 
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکەش، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە: "بەداخەوە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە."
 

 

 

.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە