رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی جیهان و لایەنە سیاسییەکان دەکات بەرامبەر "دەستدرێژییەکان"ـی ئێران بووەستنەوە و چیدیکە هاونیشتمانییان نەکرێنە ئامانجی مووشەک و درۆنەکان.
مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر دەکات و لە راگەیێندراوێكدا داوا لە حکومەتى عێراق دەکات "ئەرکى یاسایى و دەستووریی خۆى بۆ پاراستنى هاووڵاتییان و سەروەرى عێراق بەجێبهێنێت و چیدیکە وەکو پێشوو لە ئاست ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بێ هەڵوێست نەبێت."
درەنگانی شەوی رابردوو، (15-1-2024) سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی هەولێر کرد، کە نیوەیان واتا پێنجیان بە ماڵی سەرمایەدارێکی هەولێر بەناوی پێشڕەو دزەیی کەوتن، لەکاتێکدا لە ماڵەکەیدا ئاهەنگی خێزانی هەبوو، بەبۆنەی گەڕانەوەی منداڵەکانی لە ئەمریکا. بەهۆی بۆردوومانەکەوە پێشڕەو دزەیی خۆی، کچێکی کە هێشتا تەمەنی نەبووتە ساڵێک، لەگەڵ بازرگانێکی عێراقیی هاوڕێی و خزمەتگوزارێکی بەڕەچەڵەک فیلیپینیی، کوژران.
لە راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هاتووە "بەداخێکى زۆرەوە، جارێکى دیکە کۆمارى ئیسلامیی ئێران بە پاساوى بێ بنەما لەڕێگەى ژمارەیەک مووشەکى بالیستى و درۆنەوە هێرشى کردە سەر شارى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە زیانێکى زۆرى گیانى لێکەوتەوە. ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان بەتووندى ئیدانەى ئەم هێرشە بێ پاساوە دەکەین، کە بووە هۆى شەهید و برینداربوونى ژمارەیەک هاووڵاتیى سڤیل و ئافرەت و منداڵى بێ تاوان. ئەم هێرشە ناڕەوا و تاوانکارییە ئامانجى تێکدانى سەقامگیریى هەرێمى کوردستان و دروستکردنى پشێوییە و، پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەرى هەرێمى کوردستان و عێراقە."
لە هێرشەکەدا جگە لە کوژرانی چوار کەس، 16 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە لە ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دزەیی، پاسەوان و خزمەتگوزارەکانی پێکدێن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانى جیهان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کە "دژى ئیرهاب و توندوتیژین"، بەرامبەر "ئەم دەستدرێژییەى کۆمارى ئیسلامیی ئێران و پەلامارە چەندبارەکانی بووەستنەوە و، رێگە لەم جۆرە کردەوە نامرۆڤانە و دوور لە عورفى هاوسێیەتییە بگرن و چیتر هاووڵاتییانى سەربەرزى کوردستان نەکرێنە ئامانجى مووشەک و درۆنەکانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران و دەستوپێوەندەکانی، هەروەها حکومەتى فیدراڵ ئەرکى یاسایى و دەستوورى خۆى بۆ پاراستنى هاووڵاتییان و سەروەریى عێراق جێبەجێ بکات و چیتر وەکو پێشوو لە ئاست ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بێ هەڵوێست نەبێت."
لە ساڵی 2017ـەوە، ئەوە حەوتەمین جارە سوپای پاسداران هێرشی مووشەکی دەکاتە سەر کۆمەڵێک ئامانج لە هەرێمی کوردستان، عێراق و سووریا، لە دوو راگەیێندراویشیدا لەبارەی ئەم هێرشەی سەر هەولێر، زانیاریی ناکۆکی بڵاوکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ