نووسینگەی مەسرور بارزانی هەڵوێستی بایدن لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر ئاشکرا دەکات

16-01-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ لە داڤۆس، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەتەوە. نووسینگەی مەسرور بارزانی دەڵێت، بلینکن لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێرەوە رایگەیاندووە، "ئەمریکا و سەرۆک جۆ بایدن ئەم هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان بە جیدیی وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەدەن".
 
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە راگەیێندراوەکەی بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە داوە، "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی هەولێر دەکەین کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عێراقە. هاوخەمی وڵاتەکەشی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی هێرشەکە دەربڕی".
 
لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیشی کردەوە کە ئەمریکا و سەرۆک جۆ بایدن، ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هەڕەشەی جیدی وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەدەن".
 
شەوى رابردوو سوپاى پاسدارانى ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر هەولێر و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکەش بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 16ى کانوونى دووەم، بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى پێنج ئەندامى لەسەر ئەو هێرشە پێکهێندرا، کە قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق سەرۆکایەتى دەکات و رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان تێیدا ئەندامە.
 
لیژنەکە سەردانى هەولێری کرد و چووە ئەو شوێنانەی بۆردوومان کرابوون و دەبێت لەماوەى 48 کاژێردا راسپاردەى خۆی لەبارەی ئەو ھێرشە بداتە سەرۆکوەزیرانى عێراق.
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکی حکومەت [مەسرور بارزانی] جەختی لەوە کردەوە، "ئەم هێرشانە بێ پاساو و ناڕەوان و نابێ چیتر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەم پەلامارانە بێ دەنگ بێت".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی مەسرور بارزانی بووە لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.