فێستیڤاڵی یارییەکانی سەر بەفر لە چیای کۆڕەک؛ 'ساڵ بە ساڵ خۆشەویستی بۆ ئەم یارییانە زیاتر دەبێت'

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئەندام جەبار
دیمەنێک لە ڤیستیڤاڵەکەوە
دیمەنێک لە ڤیستیڤاڵەکەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە چیای کۆرەک پێنجەمین فێستیڤاڵی یارییەکانی سەر بەفر بە بەشداریی 58 یاریزانی ناوخۆ و بیانی دەستیپێکرد. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت: "مێژووی ئەم یارییانە لەم ناوچەیە دا بۆ نیو سەدە دەگەڕێتەوە."
 
سپییەکی بێگەرد لووتکەی چیای کۆرەکی داپۆشیوە؛ لەسەر زەوی نمایشە خێراکانی خلیسکێنە و لە ئاسمانیش پاراماتۆرەکان باڵیان کێشاوە بەسەر فێستیڤاڵەکەدا.
 
حوسێن عەلی، رێکخەری فێستیڤاڵەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بیرمان لەوە کردەوە دەرفەت لەو بەفرە ببینین و چالاکییەکی وەرزشیشی تێدا ئیزافە بکەین بۆ ئەوەی یاریزانانی بیانی و خەڵکی ناوچەکە چێژی لێ ببینن".
 
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەربارەی فێستیڤاڵەکە رایگەیاند: "ئەمە تەنیا فێستیڤاڵێکی ئاسایی نییە، بەڵکو مێژووی ئەم یارییە سەرکێشییانە لەم ناوچەیە دا بۆ زیاتر لە نیو سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ساڵ لەدوای ساڵیش، عیشق بۆ ئەم یارییانە گەورەتر دەبێت."
 
رۆژ کامەران، یاریزانی تیمی خلیسکێنەی چۆمان دەربارەی ئاستی بەشداربووەکان بۆ رووداو دوا و گوتی: "وەکو ئاست هەموومان ئاستمان باشە، بەتایبەت تیمی سکی چۆمان کە کۆمەڵێک لە یاریزانانی خۆرسکانە وەها پێگەیشتوون کە وەک یاریزانە نێودەوڵەتییەکان نمایش بکەن، ئەگەرچی یاریزانی نێودەوڵەتی یاریگەی باشتر و کارئاسانی زیاتریان بۆ دەکرێت".
 
جوانیی سرووشت و رێکخستنی فێستیڤاڵەکە، لووتکەی کۆڕەکی کردووەتە قیبلەی گەشتیاران.
 
نەورەس ئیحسان، گەشتیارێکە و لە بەغداوە هاتووە دەڵێت: "لە بەغداوە هاتووم بۆ چێژبینین و بەسەربردنی کاتی خۆش، کەشو هەواکە خۆشە لە پاڵیشیدا ئەم فیستیڤاڵە، ئەو هاوڕێیەم لە لوبنان هاتووە ئەمەشیان لە بەسڕا تا پێکەوە خۆشی بکەین".
 
بڕیارە ڤیستیڤاڵەکە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە