رووداو دیجیتاڵ
دواجار بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەردوو ئاراستەکەی بزووتنەوەی گۆڕانی ناچار کرد کۆنفرانسی گشتیی پێکەوە بکەن. ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی حیزبەکە دەڵێت، ئەمڕۆ دوو پەیڕەوی نێوخۆی جیای حیزب دەنگیان لەسەر دەدرێت.
کاژێر 08:00ـی بەیانی ئەمڕۆ 16ـی شوبات، لە شاری کەرکووک دەرگەی چوونە ژووەروە بۆ کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان کرایەوە و کۆمیسیۆن رێگە دەدات ئەوانەی مافیان هەیە تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ بچنە ژوورەوە.
کارزان عەزیز گەردی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کە گردی زەرگەتە بارەگای سەرەکییانە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆمیسیۆن دەرگای کردووەتەوە و ئەوانەی مافیان هەیە بەشێکیان چوونەتە ژوورەوە".
2 هەزار و 100 ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان کە ساڵی 2017 بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی بزووتنەوەکە ناویان لە بەغدا تۆمارکراوە، مافی بەشداربوونیان لە کۆنفرانسەکەی گۆڕان هەیە و زۆرینەیان دابەشی هەردوو ئاراستەی گەڕەکی کوردسات و گردی زەرگەتە بوون و بەشێکیان لە حیزبەکە نەماون.
کارزان گەردی گوتی: "ئەمڕۆ دوو پەیڕەوی نێوخۆی حیزب دەخرێنە دەنگدانەوە. لە پەیڕەوی ئێمەدا ئەگەر دەنگ بهێنێت، رێکخەری گشتیی هەڵنابژێرین".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئاراستەکەی دیکەی گۆڕان رژدن لەسەر ئەوەی، ئەمڕۆ رێکخەری گشتیی هەڵبژێرن کە دانا ئەحمەد مەجید تەنیا بەربژێری پۆستەکەیە، بەڵام دەمێنێتەوە سەر ئەندامانی کۆنفرانس کە ئایا دەنگ بە ئاراستەی کوردسات دەدەن و رێکخەر هەڵدەبژێرن یان پێچەوانەکەی.
کێشەی نێوان دوو ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کام لەو دوو ئاراستەیە کە هەردوولایان خۆیان بە خاوەنی بزووتنەوەکە دەزانن، نەیانتوانیوە بە فەرمی خاوەنداریی ئەو حیزبە بەدەستبێنن.
2ی ئەم مانگە لە راگەیێندراوێکدا کە بەناوی (بزووتنەوەی گۆڕان)ـەوە بڵاویکردەوە، ئاراستەی گەڕەکی کوردساتی بزووتنەوەکە رایگەیاند، پشتبەست بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە 16ی شوبات وەک کاتی بەستنی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری کەرکووک دیاریکراوە و پێیەوە پابەندن.
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان لەوە ئاگادار کراونەتەوە، ئەو کەسانەی مافی بەشداربوونیان لە کۆنفرانسەکەدا هەیە ئەوانەن ساڵی 2017 بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی گۆڕان ناویان لە بەغدا تۆمارکراوە و ژمارەیان زیاترە لە 2100 کەس.
رۆژی 24-05-2025 بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسێکی هاوبەشی لە شاری سلێمانی کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکی هەردوو ئاراستەکەوە بێ ئەنجام کۆتایی هات و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسندی نەکرد.
لە 05-04-2025 ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتی کرد؛ ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە 26ـی نیسانی هەمان ساڵ کۆنفرانسێکی بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لە حیزبەکە پەسندکردنیان لە کۆمیسیۆنەوە پێنەدرا.
بەگوێرەی دەستووری نێوخۆی گۆڕان، بزووتنەوەکە پێکدێت لە خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی، ژوورەکان، فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی قەزاکان و تیمی گۆڕان لە حکومەت.
جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە گۆڕاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ