وەزارەتی خوێندنی باڵا: کێشەی هەموو مامۆستایانی گرێبەست چارەسەرکراون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک لە مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا دەڵێن، گرێبەستیان نوێ نەکراوەتەوە. نوێنەرێکی ئەو مامۆستایانە و وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵنیایی دەدەن، گرێبەستی هەمووان نوێ دەکرێتەوە.

هیوا سەمەد، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مامۆستایانی گرێبەست دڵنیا بن گرێبەستی هەموویان نوێ دەکرێتەوە. گرێبەستەکان حکومین و بەردەوام دەبن تاوەکو دەکرێنە هەمیشەیی".
 
ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی گرێبەست گوتی: "ئەو مامۆستایانەی تاوەکو ئەمڕۆ گرێبەستیان نوێ نەکراوەتەوە، کەموکورتی لە زانکۆکان بووە، نەوەک مامۆستاکە یان حکومەت".
 
نوێکردنەوەی گرێبەستی مامۆستایانی خوێندنی باڵا دەبێتە سێیەم جار نوێکردنەوە، ژمارەیان لە یەکەم گرێبەستدا 4 هەزار و 104 مامۆستا بوو.
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشێکی گرێبەستەکانی زانکۆکانی سلێمانی و سەڵاحەدین نوێنەکرابوونەوە، بەڵام کێشەکەیان دوێنێ چارەسەرکرا".
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "هەموو ئەوانەی تاوەکو ئێستا گرێبەستیان نوێ نەکراوەتەوە، گرێبەستی هەموویان نوێ دەکرێتەوە و هیچ گرفتێک نەماوە".
 
لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئۆکتۆبەری ساڵی 2024 مامۆستایان لە وانەبێژییەوە کرانە گرێبەست.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە