رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەک لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان رایدەگەیێنێت کە هەندێک سواڵکەر دوای ئازادکردنیان لە زیندان لە تاوانی دیکەدا شارەزا دەبن.
لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداودا کە سامیا حەسەن پێشکێشی کرد باس لە دیاردەی سواڵکردن لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا کرا، د. بەختیار کەمال تاڵەبانی، پزیشک و شارەزا لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "هەندێک لەو کەسانەی دەگیرێن، چ سواڵکەر چ بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر، لە زینداندا چەند کەسێک دەبینن کە وەک خۆیان گیراون، دوای ئازادبوونیان لە زیندان لەو تاوانانەدا شارەزا دەبن. دەبێت پزیشکی دەروونی لە گرتووخانەکاندا زیاد بکرێن بۆ ئەوەی ئەو خووە خراپانەیان تێدا بگۆڕن. بە راستی دادگەکان ئەم بابەتە زۆر بە سووکی دەگرن کە ئەمیش بووەتە هۆی زیادبوونی."
هاوکات رەمزی سەید کەریم، بەرپرسی بەشی یاسایی چاکسازییەکان لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازیی هەرێمی کوردستانیش گوتی: "سزای سواڵکەران زۆر سووکە کە زیندانیکردنە لە مانگێکەوە بۆ سێ مانگ لەگەڵ لێسەندنی بڕێک پارە. بە گوێرەی یاسای سزادانی عێراقیی ساڵی 1969 لە سێ ماددەدا ئەو دیاردەیەی باس کردووە و دەڵێت ئەو منداڵانەی سواڵ دەکەن و تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە ئەوە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی چاودێریی نەوجەوانانەوە. بەڵام ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە و دەتوانن کار بکەن یان کەمئەندامن و بۆ راکێشانی سۆزی خەڵک سواڵ دەکەن، ئەوە تاوانە."
هۆکارەکانی سواڵکردن زیاتر بۆ خراپیی باری دارایی دەگەڕێنرێنەوە، هەرچەندە باس لەوەیش دەکرێت کە هەندێک کەس ناچار دەکرێن ئەو کارە بکەن.
د. بەختیار تاڵەبانی گوتی: "هەرکاتێک مرۆڤ هەستی بە کەموکوڕی کرد و وای هەست کرد ئەو شتانەی هەیەتی کەمن و جڵەوی بڕیارەکانی لە دەستی خۆی دەرچوو و متمانەی بە خۆی نەما روو دەکاتە سواڵکردن. بەداخەوە ئەم دیاردە لە هەرێمی کوردستان فراوانتر بووە، چونکە زۆر جار ئەو کەسەی سواڵەکەی پێدەکرێت بڕیاری خۆی نییە. یان منداڵێکە بڕیاری دایک و باوکیەتی یان ئافرەتێکی بەتەمەنە بڕیاری منداڵەکانیەتی و دەکرێتە ئامڕازێک بۆ کۆکردنەوەی سامان."
بە گوتەی ئەو شارەزا کۆمەڵایەتییە، سواڵکردن هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئەو کەسە خۆی بە کەم بزانێت و پێی وابێت نمرە دووە کە ئەوەیش لە رووی دەروونییەوە زۆر خراپە، چونکە زۆر لای ئاسانە لەلایەن کەسانی دیکەوە کەڵکی ئاوەژۆی لێ وەربگیردرێت و دەتوانرێت لە کردەی تیرۆریستی و سێکسیدا بەکاربهێنرێت.
ئەو یاسایەی باس لە سواڵکەران دەکات یاسای ساڵی 1969یە کە لە یاسای سزادانی عێراقیدایە. باس لەوە دەکرێت کە ئێستا سەردەم گۆڕاوە و پێویستە هەموار بکرێتەوە.
رەمزی سەید کەریم جەختی لەوە کردەوە: "بە دڵنیاییەوە یاسای ساڵی 1969 لەبارەی سواڵکەرانەوە پێویستی بە هەموارە"، د. بەختیاریش گوتی: "پێویستە یاسا بە گوێرەی سەردەمی تازە دابنرێت نەک کار بە یاسای کۆن و دەیان ساڵ پێش ئێستا بکرێت."
دەگوترێت بەشێک لە سواڵکەران سواڵیان کردووەتە پیشە و لە بنچینەدا هەژار و نەدار نین و ئەوان بۆ پارەکۆکردنەوە دەیکەن و هەندێکیشیان بە باند ئەو کارە دەکەن.
رەمزی سەید کەریم دەڵێت: "بە ئاشکرا دیارە کە بەشێک لەو سواڵکەرانە سواڵیان کردووەتە پیشە. مندڵێک کە پێشتر چوار جار حوکم دراوە، ئێستا گیراوە و دیسانەوە چاوەڕێی حوکمی پێنجەمیەتی. ئەو منداڵانەی پێشینەیان دەبێت، لە یاسای چاودێریی نەوجەوانانی عێراقیدا بە پێشینە بۆیان هەژمار ناکرێت بە سۆزەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵاندا دەکات. بەڵام گەورەکان بە پارە سزا دەدرێن. هەروەها ئەو کەسانەی دێنە لای ئێمە و دەستگیر دەکرێن هیچیان تێچووی رۆژانەیان لە 25 هەزار دینار کەمتر نییە."
د. بەختیار تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا، جار هەیە ئەو کەسەی کە باندێکی سواڵکردنی داناوە، لەگەڵیشیدا باندێکی لەشفرۆشی یان دزی دروست دەکات. بینراوە کە لە رێگەی ئەو جۆرە سواڵکەرانەوە سیخوڕ دانراوە. بۆ نموونە کە لە فولکەیەکی هەولێردا لە بەیانییەوە تا ئێوارە کەسێک دادەنرێت، ژمارەی هەرچی ئۆتۆمبێلی بەرپرسان و کەسایەتییەکانە دەگرێت، وەکو ئەوەیە لەو فولکەیەدا کامێرایەکی شاراوە بێت.
رەمزی سەید کەریمیش ئاشکرای کرد زۆر جار ئەو سواڵکەرانە کە دەستگیر دەکرێن زانیاریی هەڵە دەدەن. ئافرەت هەبووە لەگەڵ خوشکەکەیدا دووانە بوون کە دەستگیر کراوە ناوی خوشکەکەی داوە و هەمیشە هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمییان پێ نییە. رێژەیەکی کەمی ئەو سواڵکەرانە کوردن و زۆربەیان خەڵکی وڵاتانی دراوسێن.
بەرپرسی بەشی یاسایی چاکسازییەکان ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان پێویستیمان بە پزیشکی دەروونییە و دەڵێت: "لە 2013وە میلاکمان راگیراوە لە کاتێکدا خەڵکمان خانەنشین بووە، دەرکراوە، چووەتە ئەوروپا و نەگەڕاوەتەوە، کەچی هیچ دامەزراندن نییە."
ئێستا لە زۆربەی ترافیکەکانی هەرێمی کوردستاندا جگە لە دیاردەی سواڵکردن دەبینرێت کە کلێنس و بنێشت و گوڵ دەفرۆشرێن و هەندێکیشیان بیانین.
رەمزی سەید کەریم گوتی: "کێشەیەکی دیکەمان هەیە کە کرێکارە بەنگلادیشییەکانن. ئەوانیش ئێستا لە ترافیکەکاندا دەستیان داوەتە گوڵفرۆشتن. ئەوەیش جۆرێکە لە شێوازەکانی سواڵکردن."
نەبوونی سیستەمێکی داتابەیسی دادوەرییە بە یەکێک لە گرفتەکانی گرتووخانە چاکسازییەکان دادەنرێت کە دەستبەجێ نازانرێت ئاخۆ کەسی دەستگیرکراو لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان پێشتر گیراوە یان نا.
بەرپرسی بەشی یاسایی چاکسازییەکان دەڵێت: "یەکێک لە فێڵەکانی ئەو سواڵکەرانە ئەوەیە کە شوێنیان دەگۆڕن. بۆ نموونە کە لە هەولێر گیراوە، دوایی دەچێتە سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە یان شارێکی دیکە. ئێمە داتابەیسێکی دادوەریی تەواومان نییە کە ئەگەر ئەمڕۆ کەسێک لە زاخۆ گیراوە و پەنجەمۆری لێ وەرگیراوە، لە پێنجوێن و هەڵەبجە و گەرمیانیش بخوێنرێتەوە، بۆیە شارەکان ئاگایان لە یەکدی نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ