پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان لە زڕگوێز کوژرا

16-03-2024
A+ A-
 
پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان لە زڕگوێز لەلایەن هاوڕێیەکی دەکوژرێت و سەرچاوەیەکیش لەنێو حیزبەکە بە رووداوی راگەیاند: "دوای کوشتنی پێشمەرگەکە، بکوژەکە هەڵدێت و دواتر لە پێنجوێن دەستگیر دەکرێت.  
 
رۆژی شەممە، 16ـی مارسی 2023، عەلی رەنجبەری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە پێشمەرگە و کادرێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دەوروبەری بارەگای زڕگوێز تیرۆرکرا.
 
دەشڵێت، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تیرۆرکراوە، "بەجۆرێک لەرێگەی چەکی جۆری دەمانچەوە لە پشتەوە تەقەی لێ کراوە."
 
ئاماژەی بەوەشدا، تۆمەتبارەکە ناسراوە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیش لێکۆڵینەوەکانیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
 
پشتڕاستیکردەوە کە ئەو کەسەی تیرۆر کراوە ناوی شوعەیبی زارعییە و تەمەنی 33 ساڵە، خەڵکی هەورامانی تەختە و ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، نزیکەی 10 ساڵ دەبێت بووەتە پێشمەرگە و لە بەشی راهێنان و ماوەیەکی درێژیش لە پارێزگاری ناوەندی کاریکردووە و لە نزیکەکانی عەبدوڵڵای موهتەدی بوو.
 
هاوکات، سەرچاوەیەکی دیکە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ناوی شوعەیب زارعی، لەلایەن هاوڕێیەکی بەناوی (س. ئـ.) کە خەڵکی جوانڕۆیە کوژراوە." 
 
لەدوای کوژرانی پێشمەگەکەی کۆمەڵە، بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، بکوژەکە بە ماتۆڕ هەڵدێ و شوێنەکە بەجێدەهێڵێت"، بەڵام دواتر لە پێنجوێن دەستگیر دەکرێت.
 
وەکو ئاماژەشی پێدەکات؛ "ئەو کەسە پێشتر پێشمەرگەی کۆمەڵە بووە، بەڵام لەلایەن کۆمیتەی ئەمنیەتەوە رێگەی چوون بۆ نێو کەمپ و بارەگاکانی حیزبی لێ قەدەخە کراوە، بەڵام بەهۆی هاوڕێیەتییەوە توانیویەتی زەفەر بە شوعەیب زارعی ببات و بیکوژێت".
 
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا داوا لە ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، "دەستی رەش و نەگریسی تیرۆری کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی باشوور کورت بکەنەوە و پارێزەری رۆڵەکانی رۆژهەڵات بن." 
 
لەدوای رێککەوتنی ئەمنیی ئێران و عێراق کەمپی زڕگوێز لە سلێمانی چۆڵکراوە و تەنیا چەند پێشمەرگەیەک بۆ پاسەوانیکردن لە کەلوپەلی ناو بارەگاکان ماونەتەوە، ئەو سەرچاوەیەی کۆمەڵە دەڵێت: "شوعەیب یەک لەو پێشمەرگانە بووە و لەگەڵ بکوژەکە هاوڕێ بووە، ئێوارە تەلەفۆنی بۆ کردووە بۆ ئەوەی بێت و بیبینێت، لە بەشی سەرەوەی کەمپەکە کە سەرچاوەی ئاوی زڕگوێزیشە یەکتریان بینیوە و هەر لەوێ بە دەمانچەی بێدەنگ چەند گولـلەیەکی پێوەناوە و کوشتوویەتی".
 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.