رووداو دیجیتاڵ
مەقامی "تو تاکەی نە فکر سەودای خامەنیی؟" لە مەقامە بەنێوبانگەکانی ناوچەی یارسانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەوێ لەگەڵ تەمورە دەیڵێن، بەڵام شەهرام نازری لەگەڵ سێ تار گوتی لە رێوڕەسمی رێزگرتن لەو هونەرمەندە دەنگ ئاشنایە، بە هەوڵی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان.
نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، "شەهرامی نازری، سۆزێکە لە تەمیرە و بەشێکە لە شانامە. ئێمە وەکو ستراتیجی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بیرمان لەوە کردەوە کە رێزی لێبنرێت."
شەهرام نازری خەڵاتی زۆری پێدراوە، بەنێوبانگترینیان نازناوی "شوالیەی ئاوازی" پێدراوە، بەڵام خەڵاتی ئافیسێر بە مانای "خاوەن پلەوپایەی هونەر و ئەدەبیات"یشی پێدراوە کە بە گوتەی خۆی بەرزتر لە شوالیەشە.
شەهرام نازری بەهای ئەو خەڵاتەی لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستانەوە پێیدراوە بە "گەورەترین شانازیی ژیانی هونەریی" ناودەبات. بە گوتەی ئەو هونەرمەندە کوردە، "مۆسیقای کوردی مۆسیقایەکی جیانییە و رەسانایەتیی زۆری هەیە."
گۆرانی و دەنگی شەهرام نازری وروژان و زیندووێتیی تێدایە، لە منداڵییەوە لەگەڵ مۆسیقا و مەقامە دێرینەکانی کورد، بەتایبەت هۆرە، گۆش بووە.
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەنگی شەهرام نازرییەوە دەڵێت، "دەنگێکی ئەفسوناوی و میوزیسیانێکی ناوازەیە."
شەهرام نازری 72 ساڵ لەمەوبەر لە کرماشان لەدایکبووە، 50 کۆمەڵە گۆرانیی هەیە، زیاتر بە فارسی گۆرانیی گوتووە، بەڵام گۆرانیی کوردیشی زۆرە و دەیەوێت بەردەوام بێت.
شەهرام نازری خۆی لە چوارچێوەی مۆسیقای کوردی، سونەتی و ئێرانیدا سنووردار نەکردووە، بەڵکو لە بەرهەمەکانیدا کەڵکی لە مۆسیقای رۆژئاوایش وەرگرتووە، هەمیشە هەوڵی نوێگەریی داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ