لە بەنداوسازییەوە تاوەکو کشتوکاڵی زیرەک؛ 4 کۆمپانیای چیکی پڕۆژەکانیان بۆ کوردستان دەخەنەڕوو

16-05-2025
هۆرڤان رەفعەت
کۆمپانیاکان پێشنیازەکانیان لە بواری بەنداوسازی و کشتوکاڵی بۆ هەرێمی کوردستان دەخەنەڕوو.
کۆمپانیاکان پێشنیازەکانیان لە بواری بەنداوسازی و کشتوکاڵی بۆ هەرێمی کوردستان دەخەنەڕوو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چوار کۆمپانیای کۆماری چیک، چەند رۆژێکە گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان بەمەبەستی ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و ئاودێری.
 
تیمێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی چوار کۆمپانیای چیکی، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان، دەربارەی کێشەکانی ئاو و ئاودێری گفتوگۆیان کردووە. کۆمپانیا چیکییەکان دەیانەوێت پێشنیازەکانی خۆیان و حکومەتی وڵاتەکەیان لە بواری بەنداوسازی و بەڕێوەبردنی ئاو بدەنە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
کارێل کۆرتانێک، کۆنسووڵی کۆماری چیک لە هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کۆمپانیایانەی هاتوون، نوێنەرایەتیی خۆیان دەکەن. ئەوان ئەزموونی زۆر باش و بەهێزیان هەیە. ئامانجی سەرەکیمان لە بانگهێشتکردنی ئەم کۆمپانیایانە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاوە لە کوردستان، هەروەها پێدانی پێشنیازە بۆ چارەسەری کێشەکانی ئاو و بەڕێوەبردنی ئاو."
 
کۆمپانیا چیکییەکان پسپۆڕن لە بواری دروستکردنی بەنداو، بەڕێوەبردنی پڕۆژەی کشتوکاڵی، چارەسەرکردنی کێشەی کشتوکاڵی و زیادکردنی رێژەی سەوزایی. بەرپرسانی ئاو و ئاودێری و بەنداوەکانی کوردستانیش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەزموونی مێژوویی نایابیان لەگەڵ کۆماری چیک هەیە.
 
جۆزێف ئیوهەر، سەرۆکی کۆمپانیای ئێچ دی تی چیکی، بە رووداوی گوت: "ئامانجی ئێمە لە هاتنمان پێدانی پێشنیازە بۆ دروستکردنی پڕۆژە ئاودێرییەکان و ئاوکۆکەرەوەکان، لە دیزاینکردنەوە تاوەکو کۆتایی. ئێمە بیرۆکەی هەموو چارەسەرەکانمان هێناوەتە ئێرە و هەوڵ دەدەین هەر گرفتێک هەبێت لە پڕۆژەکاندا، چارەسەری بۆ پێشنیاز بکەین."
 
عەبدولڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو گوتی: "کۆمپانیا چیکییەکان ئەزموونی باشیان هەیە. ئەوان هاتوون چالاکی و ئەزموونی خۆیان نیشاندەدەن و دەڵێن: ئێمە دەتوانین لەم بوارانەدا هاوکاری حکومەتی هەرێم بکەین."
 
وەک نموونەیەک لە پڕۆژە کشتوکاڵییە پێشکەوتووەکان، پڕۆژەیەکی خانووی سەوز لە قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر بۆ بەرهەمهێنانی تەماتە دامەزراوە، کە کەمترین رێژەی ئاوی پێویستە بۆ بەرهەمهێنان.
 
دیدار جەمیل، ئەندازیاری راوێژکاری کشتوکاڵی، لەبارەی ئەم جۆرە پڕۆژانەوە بە رووداوی راگەیاند: "ئەو پڕۆژانە پێیان دەڵێن هایدرۆپۆنیک، واتە پڕۆژەی کشتوکاڵی زیرەک، کە ئاو کەمتر بەکاردێت بۆ بەرهەمهێنان. بۆ نموونە، بۆ بەرهەمهێنانی هەر کیلۆیەک تەماتە، ئێمە لەم سیستمەدا پێویستمان بە 7 بۆ 10 لیتر ئاوە، بەڵام هەمان ئەو کیلۆ تەماتەیە ئەگەر لە زەوییەکی ئاساییدا لە دەرەوە وەک خەڵک بەرهەمبهێنرێت، نزیکەی 100 لیتر ئاوی دەوێت. ئەمە پێمان دەڵێت پڕۆژەکەی ئێمە هاوکارە بۆ پاراستنی ئاو و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا."
 
تیمە چیکییەکان سەردانی بەنداوی گۆمەسپان و ژمارەیەک پڕۆژەی ئاودێری و کۆکەرەوەی ئاوی خاویان کردووە. ئامانجیان ئەوەیە پڕۆژەکان بەراورد بکەن و پاشان بە پێدانی پێشنیازەکانی خۆیان، پڕۆژەکان دەوڵەمەندتر و باشتر بکەن، بەتایبەتی بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.