یەکێتی بۆ پارتی: دووپات لەسەر پێویستیی یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان دەكەینەوە

16-08-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەبۆنەی 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتی پەیامێکی ئاراستەی ئەو حیزبە کرد و دەڵێت، "دووپات لەسەر پێویستیی یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان، بە تایبەتیش  یەكێتی و پارتی، دەكەینەوە".
 
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە پەیامەکەیدا بۆ پارتی جەخت لە یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی دەکاتەوە "لەپێناو پێكهێنانی حكومەتێكی پتەو و كارا كە ئەركی چاكسازی و راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی بگرێتە ئەستۆ، لەڕێی سەرخستنی ویستی گەلەكەمان لە دابینكردنی ماف و ئیستحاقە دەستورییەكانی لە عیراق، بە تایبەتیش مووچە و شایستە داراییەكانیان، لەسەروبەندی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا".
 
ئەمڕۆ 79 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دا تێپەڕ دەبێت. یەکێتی بەو بۆنەیەوە "گەرمترین پیرۆزبایی" لەو حیزبە و ئەندام و لایەنگرانیان دەکات. 
 
دەقی پەیامی پیرۆزبایی یەکێتی بۆ پارتی:
 
بەبۆنەی تێپەڕبوونی 79 بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئێوە و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەین.
 
بەم بۆنەیەوە تەئكید لەسەر پێویستی یەكڕیزی هێزە سیاسییەكانی كوردستان، بە تایبەتیش  یەكێتی و پارتی، دەكەینەوە لە پێناوی پێكهێنانی حكومەتێكی پتەوو كارا كە ئەركی چاكسازی و راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی بگرێتە ئەستۆ، لە رێی سەرخستنی ویستی گەلەكەمان لە دابینكردنی ماف و ئیستحاقە دەستورییەكانی لە عیراق، بە تایبەتیش مووچە و شایستە داراییەكانیان، لەسەروبەندی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا.
 
جارێكی تر پیرۆزە و سەركەوتووبن
 
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە